ئادار 07, 2019 16:37 Asia/Tehran
  • داخوازیی تورکیا لە ئەندامانی ناتۆ بۆ خۆھەڵنەقورتاندن لە بڕیارەکانی ئەم وڵاتە

وەزیری کاروباری دەرەوەی تورکیا، ھاوپەیمانانی ئەم وڵاتەی لە ڕێکخراوەی باکووری ئەتڵەسی«ناتۆ» ئاگادار کردەوە کە لە بڕیارەکانی ئانکارا ھەڵنەقورتێنن.

بەپێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی میھر،«مەولوود چاووش ئوغلو» ڕۆژی چوارشەممە لە بارەی کاردانەوەی ئەمریکاو ھێندێک لە وڵاتانی ناتۆ لە بارەی ھەنگاوەکەی تورکیا لەمەڕ کڕینی سیستێمی موشەکی ئێس چوارسەد لە ڕووسیا وتی: ئانکارا ئەو ھەموو ساڵە داوای چەکی لە ھاوپەیمانەکانی لە ناتۆدا کرد کەچی ھیچیان بۆ نەکرد.

وەزیری دەرەوەی تورکیا پێی داگرت: ئەو ھاوپەیمانانەی کە زۆربەیان خۆیان لە قەرەی دانی چەک و چۆڵ بە تورکیا نەداوە، ئێستاش نابێ لە ھەنگاوی ئەم وڵاتە بۆ کڕینی سیستێمی موشەکیی ئێس چوارسەد لە ڕووسیا گلەیی بکەن.

«مەولوود چاووش ئوغلو» وەزیری دەرەوەی تورکیا وتیشی: ھەتا ئەو کاتەی کە ئەمریکاو ھتوپەیمانەکانی دیکەی تورکیا لە ناتۆ چەک و چۆڵی پێویستی ئانکارا بەم وڵاتە نەفرۆشن، بۆیان نییە لە بارەی بڕیارەکانی تورکیاش بۆ کڕینی چەک لە وڵاتانی بەدەر لە ناتۆ خۆیان ھەڵقورتێنن.

گرێبەستی فرۆشتنی ئێس چوارسەد بە تورکیا لە دیسامبەری ٢٠١٧ واژۆ کراوە. سیستێمی موشەکیی زەوی بۆ ئاسمانی ئێس چوارسەد بە توانایی تەقاندنی ھاوکاتی ٧٢ موشەک و لەنێو بردنی ئامانجە تاکتیکی و باڵستیکییەکان لە مەودای پێنج ھەتا ٦٠ کیلومەتر و بەرزایی دوو ھەتا ٢٧ کیلومەتر لە پێشکەوتەترین سیستێمەکانی بەرەڤانیی جیھان دێتە ئەژمار. ئەمریکا وشداری داوەتە تورکیا ئەگەر لە ڕووسیا سیستێمی ئێس چوارسەد بکڕێت ئەوە لەگەڵ بایکۆتەکانی واشێنگتۆن دا بەرەوڕوو دەبێتەوە.

سەرپەیڤ