نیسان 22, 2019 18:43 Asia/Tehran
  • هەڕەشەی سێناتۆری ئەمریکی بە بایکۆت کردنی تورکیا

سێناتۆری دیموکراتی ئەمریکی، هەڕەشەی لە تورکیا کرد بێتوو سیستەمی بەرگریی مووشەکیی ئێس-٤٠٠ لە ڕووسیا بکڕێ ، بایکۆت دەکرێت.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی سپۆتنیک؛ "ڕابرت منەندز" سێناتۆری دیموکراتی ئەمریکی وتی: بێتوو تورکیا درێژە بدات بە ڕەوتی کڕین و گەشەپێدانی سیستەمی مووشەکیی ئێس-٤٠٠ی ڕووسی، ئەمریکا بایکۆت بەسەر تورکیادا دەسەپێنێ و ڕادەستکرانی جێتی جەنگیی ئێف-٣٥ی چێکراوی ئەمریکا ڕادەگرێ.

ئەو سێناتۆرە دیموکراتە پێی داگرت؛ بەهیچ لەونێک ناتوانین ئێف-٣٥ بخەینەپاڵ سیستەمی موشەکیی ئێس-٤٠٠ چونکە دەتوانی تەکنۆلۆژیای بەکارهاتوو لەو فڕۆکە جەنگییە بخاتە ژێر چاودێری.

بەرلەوە ، ژمارێک سەرچاوەی هەواڵی ڕایانگەیاندبوو، حکومەتی ئەمریکا داوای لە تورکیا کردووە لەجیاتی کڕینی سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئێس-٤٠٠ی ڕووسی لە سیستەمەکانی پاتریۆتی ئەمریکی کەڵک وەربگرێ.

بەم حاڵەوە، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا وتبووی، کڕینی سیستەمی دژە مووشەکی لە ڕووسیا هیچ مەترسییەکی نییە بۆ ئاسایشی ناتۆ، پرۆژەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف-٣٥ و ئەمریکا.

سەرپەیڤ