ئاب 21, 2019 09:35 Asia/Tehran
  • پاش لەسەر پۆست لادرانی سێ شارەوانی کوردی تورکیا، دوو شارەوانی هاوبەشی کوردی قارس بەرەوڕووی تۆمەتی هاوپێوەندبوونیان بە

پاش لەسەر کارلاردانی شارەوانانی کوردی سێ گەورە شاری دیاربەکر، وان و ماردین سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دوو شارەوانیی هاوبەشی کوردی قارسیش بە تۆمەتی هاوپێوەند بوونیان بە پرسی"ترۆریزم" بانگ کرانە ناوەندە ئاسایشییەکان.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس، "ئایهان بیلگۆن " و "شەوین ئالاجا" شارەوانی هاوبەشی پارتی دیموکراتیکی گەلان(هەدەپە) لەشاری قارس بەتۆمەتی هاوپێوەند بوون بە"ترۆریزم"، بۆ لێپرسینەوە بانگ کران.

هەواڵدەریی مێزۆپۆتامیا ڕایگەیاند، رۆژی سێ شەمە ئەو دوو کەسە بانگ کرانە ناوەندێکی ئاسایشی بەڵام هۆی بانگ کرانیان ڕوون نەکراوەتەوە.

ئالاجا بە مێزۆپۆتامیای وت؛ سەرلەبەیانی دوێنێ پۆلیس سەردانی ماڵەکەی کردووە بۆ لێپێچینەوەی.

بیلگۆنیش لە توئیتەردا نووسی؛ بەتۆمەتی "دامەزراندن و ئیدارەکردنی ڕێکخراوێکی چەکداری" پێوشوێن گیراوە.

ناوبراو وتی: "ئەگەر بیر لە دەسنیشان کردنی سەرپەرشت بۆ شارەوانیی قارس دەکەنەوە، کەسانێکتان پێ پێشنیار دەکەم کە ڕێگەیان پێدرا بەساڵان شارەکە بەتاڵان ببەن".

سەرلەبەیانی رۆژی دووشەممە ١٩ی ئاگۆست، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا "عەدنان سلجوق میزراکلی" ، "ئەحمەد تورک" و"بەدیعە ئوزگوکچە ئارتان" شارەوانانی گەورەشارەکانی دیاربەکر، ماردین و وان کە لە هەڵبژاردنەکانی مارسدا بەدەنگی لێبڕاوانەی خەڵک هەڵبژێردرابوون، بەتۆمەتی هاوپێوەند بوون بە "ترۆریزم" لەسەرپۆستەکانیان لادا.

لە شارە کوردنشینەکان و شارە گەورەکانی رۆژاوای تورکیا خەڵک بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەو کارەی حکومەتی تورکیا، دەستیان داوەتە خۆپێشاندان کە بەهۆی دەسوەردانی پۆلیس دەیان کەس گیراون.