تشرینی دووه‌م 25, 2015 18:09 Asia/Tehran
  • فارێن پاڵسی : بەبێ داکۆکیی ئەمریکا ، پەلاماری عەڕەبستان بۆسەر یەمەن مسۆگەر نەدەبوو

ماڵپەڕێکی ئەمریکایی لە نووسراوێکدا بە داننان بە "یارمەتیی ڕۆژانەی واشینگتۆن بە عەڕەبستانی سعوودی" لە پەلامارەکەی ئەو وڵاتە بۆسەر یەمەن نووسی : سەربازانی ئەمریکی هەنووکە لە نێوخۆی خاکی عەڕەبستان ، سەرقاڵی یارمەتیدانی سعوودییەکان ،لەبواری بەرنامە داڕشتن بۆ ئەنجامدانی پەلاماری ئاسمانین.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فارس ، ماڵپەڕێکی ئەمریکی لە یادداشتێکدا بە سەردێڕی "شەڕی سعوودیا لە یەمەن بە یارمەتیی ئەمریکا بە ئەنجام دەگات" ، ڕەخنەی گرت لە ڕۆڵی ڕاستەوخۆی واشینگتۆن لە پەلامارەکانی ڕیاز بۆسەر یەمەن و هەروەها کەمتەرخەمبوونی دەوڵەتی باراک ئۆباما لە حاند کوژرانی کەسانی سیڤیلی یەمەنی.
هەواڵنێری بەشی بابەتەکانی هاوپەیوەند بە پێنتاگۆن لە "فارێن پاڵسی" نووسی : "ژماری ئەو بۆمبە هێشوییانەی کە نەتەقیونەتەوە ، بە شێوەیەکی بەرچاو لە مەزرا و گوندەکانی یەمەن دا دەبیندرێن ، کە ئەمە وەبیر هێنەرەوەی بەردەوامبوونی شەڕی ئاسمانیی عەڕەبستانی سعوودی و هەروەها ڕۆڵی بەربڵاو بەڵام کەمتر -ناسراوی ئەمریکا ، لە پڕچەک کردن و گەیاندنی سووتەمەنیی فڕۆکە شەڕ کەرەکانی ڕیازە.
"پۆل مەک لێری" لەو نووسراوەیەدا ئاماژەی کردۆتە دەسپێکی پەلامارە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانیی سعوودی بۆسەر یەمەن لە مانگی مارس دا و پێداگری کردووە لەسەر ئەوەی کە بڕیار بوو بە "دەسەڵاتی ئاسمانی و پەلاماری ئاسمانیی دەسبەجێ" ، هێزەکانی ئەنساروڵڵا و هاوپەیمانەکانیان لە سەنعای پێتەخت وەدەر نێن ، بەڵام لەدوای هەشت مانگ لە دەسپێکی پەلامارەکان ، ئاوری شەڕ تەنانەت بڵێسەیەکی زۆرتریشی سەندووە.
نووسری ئەم بابەتە لە درێژە دا نووسیویەتی : یەکەم ، هێزی زەمینیی عەڕەبستانی سعوودی و ئیماراتی عەڕەبیی یەکگرتوو ، بە تڕۆمبیلی زرێیی چێکراوی ئەمریکا هێرشیان کردۆتە سەر وڵاتی یەمەن . دواتر بەسەدان سەرباز لە میسر و قەتەر و سوودانیش پەیوەست بەوان بوون.
هەواڵنێری ئەمریکایی لە بەشێکی دیکە لە یادداشتەکەی دا دانی ناوە بەوەی کە پەلامارە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانیی عەڕەبستانی سعوودی ، زۆرتر کەسانی سیڤیلی یەمەنی دەکاتە ئامانجی پەلامار.
"مەک لیری" نووسی : ڕیاز بەرەوڕووی ڕەخنەی توندی گروپەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ بووەتەوەو ئەوان هێزی ئاسمانیی ئەو وڵاتە تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە ئارمانجە مەدەنییەکان و کەسانی سیڤیلی یەمەنی بوردومان دەکەن ، ئەویش بەبێ ئەوەی کە لێکۆڵینەوەی پێویستیان لەمبارەوە کردبێت.
ناوبراو وێڕای داننان بە پاڵپشتییەکانی ئەمریکا لە عەڕەبستانی سعوودی نووسیشی : بەڵام هەندێ لە خەتاکان دەبێ بە حسێبی واشینگتۆن داندرێت.
پەلامار و بوردومانی ڕۆژانە ، بەبێ بووونی بەردەوامی فڕۆکەکانی گەیاندنی سووتەمەنی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا و فرۆشتنی بە ملیاردان دوڵار چەکەمەنی و تەقەمەنی بە ڕیاز و وڵاتانی هاوپەیمانی لەلایەن کۆمپانیا ئەمریکییەکانەوە مسۆگەر نەدەبوو.
"لیری" هەروەها نووسی : فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا ، کە فڕۆکەوانانی عەڕەبی بەکاریان دەهێنن ، لە چەک ئامێری چێکراوی ئەمریکا کەڵک وەردەگرن و واشینگتۆنیش ئەمدواییانە قەبووڵی کردووە کە 1.29 میلیارد دوڵار چەک و چۆڵ بە عەڕەبستانی سعوودی بفرۆشێت.
"مەک لیری" لە کۆتایی دا نووسی : ئەمریکا چاوی خۆی بەسەر پەلامارە ئاسمانییەکان و گیان لە دەست دانی کەسانی سیڤیل بەستووە.
تەنیا چەند هەفتە لەدوای پەلاماری ئەمریکا بۆسەر نەخۆشخانەی پزشکیانی بێ سنوور لە قۆندووز ی ئەفغانستان ، کە کوژرانی 14 کەس لە فەرمانبەرانی ئەو نەخۆشخانەیەی لێکەوتەوە ، جێتێکی سعوودی نەخۆشخانەیەکی دیکەی پزیشکانی بێ سنوری لە یەمەن کردە ئامانجی پەلامار.