کانونی یه‌که‌م 07, 2016 16:18 Asia/Tehran
  • ئۆلەند ڕووسیا تاوانبار دەکا بە کۆسپ خستنە بەردەم هەوڵی ڕێکخراوی نەتەوەکان سەبارەت بە پرسی سووریا

سەرۆک کۆماری فەرانسە ئەمڕۆ چوارشەم ئەوەی وا ناوی نا "کۆسپ نانەوەی سیستماتیکی ڕووسیا لە ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکان لەبەردەم چارەسەریی قەیرانەکەی "سووریا"ی شەرمەزار کرد.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی خوێندکارانی ئێران(ئیسنا) ؛ فرانسوا ئۆلەند لە بەیاننامەیەکدا پاش ڤیتۆی بڕیارنامەیەکی داکۆکی کراوی فەڕانسە لە ئەنجومەنی ئاسایش هاوپێوەند بە ئاگربڕی حەوت ڕۆژە لە شاری حەڵەبی سوریا لەلایەن ڕووسیاو چین، وتی: تەگەرەنانەوەی سیستماتیکی سوریا بووەتە هۆی بەهێزبوونی حکومەتی بەشار ئەسەد لە سیاسەت و هەڵوێست گرتنەکەیدا کە زیان بە کەسانی سیڤیلی بێتاوان دەگەیێنێ.

 هەروەها فرانسوا دۆلاتر، باڵوێزی فەرانسە لە ڕێکخراوی نەتەوەکانیش ، ڕووسیای بەوە تاوانبار کرد کە بڕیاری داوە شاری حەڵەب جیا لە هەرچەشنە باجی مرۆیی کۆنترۆڵ بکاتەوە.

پێشتر ژان مارک ئایرۆ، وەزیری دەرەوەی فەڕانسە لە بەیاننامەیەکدا وێڕای دەربڕینی مەخابنی لەمەڕ کەڵک وەرگرتنی ڕووسیا لە مافی ڤیتۆ لە ئەنجومەنی ئاسایش بەدژ ڕەشنووسی بڕیارنامەی پێشنیارکراو لەمەڕ ڕاگرتنی شەڕ وپێکدادانەکان لەشاری حەڵەب، وتی: ڤیتۆی نوێی ڕووسیا پێش بەوە دەگرێ کە ئەنجومەنی ئاسایش، ڕەشنووسی بڕیارنامەیەک پەسەند بکا کە ئامانجی، ئاگربڕ و دەسپێکرانەوەی خێراو بێ تەگەرەی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ حەڵەبە.