کانونی یه‌که‌م 16, 2017 13:26 Asia/Tehran
  • ئەگەری دانیشتنی ئەنجومەنی ئاسایش لەبارەی بڕیاری ترەمپ لەدژ قودس، سبەی

نوێنەری فەلەستین لەڕێکخراوی نەتەوەکان ڕایگەیاند، ئەگەری بەڕێوەچوونی دانیشتنی لوتکەیی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکان بەتەوەری تاووتوێی ڕەشنووسی بڕیارنامەیەک لەبارەی بڕیارەکەی ئەمریکا لەدژ قودس لەئارادایە.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی خوێندکارانی ئێران(ئیسنا) بەگێڕانەوە لە کەناڵی ڕووسیا ئەلیەوم؛ ریاز مەنسور نوێنەری فەلەستین لە ڕێکخراوی نەتەوەکان دوێشەو(هەینی) لەپرێس کۆنفرانسێکدا جەختی کرد: ئەگەری ئەوە لەئارادایە کە ئەنجومەنی ئاسایش سبەی یەکشەممە بەتەوەری تاووتوێی ڕەشنووسی بڕیارنامەیەک لەبارەی بڕیاری سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ ناساندنی قودس وەک پایتەختی ئیسرائیل، دانیشتنی لوتکەیی پێک بێنێ.

نوێنەری فەلەستین لە ڕێکخراوی نەتەوەکان وتی: ئامادەکرانی ڕەشنووسی بڕیارنامە بە جەوهەری شین بەو مانایەیە کە دەکرێ دەنگ بدرێ بەو ڕەشنووسە پاش تێپەڕینی ٢٤ کاژێر بەسەریدا، ئەوە لەکاتێکدایە کە ڕاوێژکارییەکان لەبارەی چوارچێوەی یەکجاریی ڕەشنووسی بڕیارەکە هەروا بەردەوامە.

پێشتر سەرچاوە دیپلۆماتیکییەکان وایان پێش بینی کردبوو کە وڵاتانی عەرەب رۆژی دووشەممە ڕەشنووسی بڕیارنامەیەک لەدژ بڕیارەکەی ترەمپ بۆ ناساندنی قودس وەک پایتەختی ئیسرائیل بێننە ئاراوە.

بەپێی ڕەشنووسی ئەو بڕیارنامە، هەرچەشنە بڕیاردان و ڕیوشوێنێک کە ماکی قودس، دۆخی مافەوانی و داڕشتە حەشیمەتییەکەی بگۆڕێ، نایاسایی و بەتاڵەو دەبێ هەڵوەشێت.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا شەشی دیسەمبەری٢٠١٧ قودسی وەک پایتەختی رژیمی ئیسرائیل ناساند و هاوکاتیس فەرمانی گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تەلەبیب بۆ قودسی داگیرکراوی دەرکرد.

لەکاردانەوە بە بڕیاری ئەمریکا لەدژ قودس، خۆپێشاندان لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و تەنانەت وڵاتانی ڕۆژاوایی هەروا بەردەوامەو ئەو وڵاتانە لەبارەی ئەو پرسە، نیگەرانیان دەربڕیوە.