ئه‌یلوول 12, 2018 14:54 Asia/Tehran
  • ترەمپ و ڕووداوی یانزەی سیپتەمبەر: چاوخشاندنێک لە سیاسەتی دژە تیرۆریستیی ئەمریکا

ڕووداوی یازدەی سیپتەمبەری٢٠٠١ خاڵێکی وەرچەرخان لە سیاسەتی دەرەوەیی ئەمریکا دێتە ئەژمار. "جۆرج دەبلیو بووش" سەرۆک کۆماری ئەوکاتی ئەمریکا پاش پەلامارەکانی یانزەی سیپتەمبەر بەبیانووی بەرەنگاربوونەوەی جیهانیی تیرۆریزم، ڕەوتێکی هێرشبەرانەی گرتەبەر و دەستی کرد بە هێرش کردنەسەر ئەفغانستان وئێراق.

داگیرکرانی ئێراق، بووە هۆی پێکهاتنی گرووپە تیرۆریستییەکانی وەک داعش کە تاوانی زۆریان لە ئێراق و سووریا ئەنجام دا. لەو بەناو شەڕی جیهانی دژ بە تیرۆریزم، زیاتر لە یەک ملوێن ئینسان لە ئێراق، ئەفغانستان، سوریا، لیبیاو یەمەن گیانیان لەدەست دا. لە حەڤدەهەمین ساڵوەگەڕی ڕووداوی یازدەی سیپتەمبەر، دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری پۆپۆلیست و پڕهەرای ئەمریکا لەوبۆنە، بۆ پاسادانی کردە نامرۆییەکانی ئەمریکا بەبیانووی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم کەڵکی وەرگرت.

ترەمپ ئیدیعای کرد: ڕێگەنادەین جارێکی دیکە تیرۆریستان هێرش بکەنە ئەمریکا. بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوان ئەوپەڕی توانای خۆمان و دۆستانمان دەخەینەگەڕ و هەموو توانامان دەخەینە پێناو ئاسایشی ئەمریکا. نزیک بە حەوت هەزار سەربازی ئەمریکی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی توندڕەو لە ١٧ساڵی ڕابردوو، کوژراون. ئێمە لەهەوڵەکانمان بۆ دابین کردنی ئاسایشی ئەمریکا درێخی ناکەین.

ترەمپ بەبیانووی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم، ڕووی کردۆتە پەلاماردان وئەنجامدانی کردە لەدژ موسڵمانان . بەتایبەت دەرکرانی فەرمانی کارگێڕیی ترەمپ لەمەڕ قەدەغەی هاتنی هاووڵاتیانی شەش وڵاتی ئیسلامی بۆ ئەمریکاو بەتیرۆریست زانینی موسڵمانان لەلایەن ترەمپەوە پێشاندەری ڕەوتی یەکلایەنیی ناوبراو لەوبارەیەوە. ئەوە لەکاتێکدایە کە ترەمپ پێشتر بەئاشکرا دانی ناوە بە دەوری حکومەتی ئەمریکا لە پێکهاتنی تیرۆریزمی توندڕەوخواز.

ترەمپ لەسەردەمی ڕکابەرییەکانی بۆ هەڵبژاردن، قسەولێدوانی پڕهەرای لەبارەی دەوری ڕاستەوخۆی باراک ئۆباما سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا و هیلاری کلینتۆن بەربژاری دیموکراتەکان لەهەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ساڵی٢٠١٦ ی ئەو وڵاتە لە پێکهاتنی گرووپی تیرۆریستیی داعش هێنایە ئاراوە.

"ئیڤان ئیپۆلیتۆڤ" کارناسی پرسە سیاسییەکان لەسەر ئەو ڕایەیە، ئامانجی ئەمریکا لەساڵانی ڕابردوو هەردەم کەڵک وەرگرتنی ئامرازی لە تیرۆریزم و توندڕەوخوازیی بووە.خاڵێکی گرینگ کە لەمەڕ پرسی تیرۆریزم و بەرەنگاربوونەوەی ئەو دیاردە وەیشومەیە لەلایەن ترەمپەوە تەواو پشت گوێ خراوە، کردەی وڵاتانی دواکەوتووی عەرەب بەتایبەت عەرەبستانی سەعوودی لە تەیارکردنی ئایدلۆلۆژیایی و هەروەها دابین کرانی دراڤی و لۆجستیکیی گرووپە تیرۆریستیی تەکفیرییەکانی وەک داعشە.

عەرەبستانی سەعوودی کە ئەمریکا پەیوەندیی بەرفراوانی لەگەڵدا هەیە لەبواری جۆراوجۆری تیجاری، ئابووری و سەربازی و لۆجستیکی و لەڕەوتی یەکەم سەردانی دەرەوەیی ترەمپ چەندین گرێبەستی چەکەمەنی بەبڕی ١١٠ملیارد دۆلاریی لەگەڵدا ئیمزا کرد، زیاترین دەوری بووە لە برەوپێدانی ئایدۆلۆژیا توندڕەوخوازانەکان بەتایبەت وەهابییەت و پەرەی گرووپە توندڕەوەکانی وەک داعش و بەرەی نوسرە. ئەوە لەکاتێکدایە کە لەڕاپۆری کۆنگرەی ئەمریکا سەبارەت بە ڕووداوی یازدەی سیپتەمبەر کە لە ژوولای٢٠١٦بڵاو کرایەوە بەئاشکرا ڕاگەیێندرا کە ١٥کەس لە١٩فڕۆکەڕفێن کە پەلامارەکانی یازدەی سیپتەمبەریان ڕێک خستووە، خەڵکی عەرەبستانی سەعوودی بوون.

ئەو پرسە بووەهۆی پەسەندکرانی یاسای"جاستا" لە کۆنگرێسی ئەمریکا کە ڕێگەدەدا بە خێزان و کەس وکاری قوربانیانی ڕووداوەکەی یازدەی سیپتەمبەر سکاڵا بکەن لە حکومەت وبەرپرسانی سەعوودی لەبەر یارمەتیدانی بە ئەنجامدەرانی ڕووداوی یازدەی سیپتەمبەر، بەم حاڵەشەوە هەم حکومەتی ئۆباماو هەم حکومەتی ترەمپ بەبیانووی کارتێکەریی نەرێنی جێ بەجێ کرانی ئەو یاسایە لەسەر پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی ریاز و واشنگتۆن، بەکردەوە پێشیان بە جێ بەجێ بوونی گرتووە .

سەرپەیڤ