تشرینی یه‌که‌م 17, 2018 11:53 Asia/Tehran
  • بەیاننامەی ھاوبەشی یەکێتیی ئەورووپا و تاقمی حەوت سەبارەت بە خاشقچی

یەکێتیی ئەورووپاو حەوت وڵاتی پیشەسازیی جیھان لە بەیاننامەیەکی ھاوبەش دا سەبارەت بە ڕووداوی بێ سەروشوێنکرانی ڕۆژنامەنووسە ڕەخنەگرەکەی عەرەبستان بەتوندی نیگەرانیی خۆیانیان دەربڕی.

کەناڵی ئەلجەزیرە ڕۆژی چوارشەممە وای بڵاو کردەوە کە، وەزیرانی کاروباری دەرەوەی حەوت وڵاتی پیشەسازیی جیھان و یەکێتیی ئەورووپا لە بەیاننامەیەکی ھاوبەش دا سەبارەت بە ڕووداوی بێ سەروشوێنکرانی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووسە ڕەخنەگرەکەی عەرەبستان بەتوندی نیگەرانیی خۆیانیان دەربڕی و داوای لێپێچینەوە لە ھۆکارانی چارەنووسی ناوبراویان کرد.

لەو بەیاننامەیەدا لە سەر ھاوکاریی عەرەبستان و تورکیا بۆ ڕوون بوونەوەی چارەنووسی خاشقچی پێداگری کراوەو داوا لە ڕیازیش کراوە کە کە ھەرچی خێراتر لێکۆڵینەوەیەکی زوڵاڵ و ھەمەلایەنە لەو بوارەدا دەست پێ بکات.

"جەماڵ خاشقچی" ڕۆژنامەنووسی ناڕازی و ڕەخنەگری عەرەبستان دووی ئۆکتۆبەری ٢٠١٨ پاش چوونە نێو کۆنسولخانەی عەرەبستان لە ئەستەموڵی تورکیا بێ سەر و شوێن کراوە. مێدیاکان چەن ڕۆژ دواتر ڕاپۆرتیان دا کە خاشقچی لە نێو کۆنسولخانەی عەرەبستاندا کوژراوە و تەرمی ئەنجن ئەنجن کراوی کە ئاسەواری ئەشکەنجەی پێوە دیار بووە لە دەرەوەی کونسولخانەکە لە ئەستەموڵ دۆزراوەتەوە. ئەمەش لە حاڵێکدایە کە کاربەدەستانی سعودی بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە گوایە  ئەم نووسەر و ڕۆژنامەوانە پەنجاونۆساڵانەیە لە کونسوڵخانەکەیان لە ئەستەموڵ  دەرکەوتووە.

ناوی "جەماڵ خاشووقچی" ڕۆژنامەوانی ڕەخنەگر لە ڕژێمی سەعوودی، لە لیستی کەسانی پێ و شوێنگیراوی کاربەدەستانی ڕیازدا بووە و لە ترسی گیران و لەبەند کران، لە دەروەی عەرەبستان دەژیا.

جێگای ئاماژەیە ھەر لەم بارەیەوە ڕێکخراوەی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بە ھەواڵی کوژرانی خاشقچی لە بەیاننامەیەک دا ڕایگەیاندووە: کوژرانی جەمال خاشقچی بەم واتایەیە کە ڕەخنەگران تەنانەت لە دەرەوەی عەرەبستانیش لە ئەماندا نین.

سەرپەیڤ