تشرینی دووه‌م 15, 2018 16:26 Asia/Tehran
  • شەپۆلی لەکارکشانەوەکان لە کابینەی بریتانیا- لەکار کشانەوەی وەزیری برگزیتی بریتانیا

وەزیری کاروباری برگزیتی بریتانیا دووھەمین ئەندامی دەوڵەتی ئەم وڵاتە دوای ڕێککەوتنی ئەنجومەنی وەزیران لە سەر گەڵاڵەکەی سەرۆک وەزیرانی بریتانیا وازی لە پۆستەکەی خۆی ھێنا.

بەپێی ڕاپۆرتی ئیسنا، دومینیک ڕاب وەزیری کاروباری برگزیتی بریتانیا بۆ ناڕەزامەندی دەربڕین لە بارەی ڕێککەوتنەکەی تێرێزا مەی سەرۆک وەزیران لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا وازی لە پۆستەکەی خۆی ھێناو ڕایگەیاند: ویژدانی ئەوە ھەڵناگرێت کە پشتگری لە ڕێککەوتنەکەی تێرێزامەی لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا بکات.

ڕاب وتووشیەتی: بەداخەوەم ئەگەر بڵێم دوای دانیشتنەکەی کابینە دەبێ بڕۆم، بێ گومان گەڵاڵەکەی مەی سەروەریی خاکی بریتانیا دەخاتە مەترسییەوە. نازانم پەیوەندیی مەرجە پێشنیار کراوەکانی ئەم پەیمانە لەگەڵ ئەو بەڵێنانەی کە لە ھەڵبژاردنەکاندا دراوە چییە، ئەمەش بابەتێکە کە پەیوەندیی بە متمانەی خەڵکەوە ھەیە.

ئیستێر مەک ڤی لە ئەندامانی ھەڵکەوتەی دیکەی کابینەو وەزیری کارو خانەنشینیش دوای ڕاب وازھێنانی خۆی لە پۆستەکەی ڕاگەیاند.  ھەروەھا سوئلا برڤیرمەن جێگری وەزارەتی برگزیتیش لە پۆستەکەی خۆی کشاوەتەوە.

وا باس دەکرێت کە کۆمەڵێکی دیکە لە بەرپرسانی دەوڵەتی تێرێزامەی سەرۆک وەزیرانی بریتانیاش پێ خۆش نەبوونی خۆیانیان لە بارەی ئەو ڕێککەوتن و بەڵگەنامەیە ڕاگەیاندووە.

چەند کاژێرێک دوای ڕاگەیەندرانی پشتگریی کابینە لەو ڕێککەوتنە، شایلێش ڤارا وەزیری کاروباری ئیرلەندی باکووری لە دەوڵەتی بریتانیاش بۆ نەیارەتی لەگەڵ ئەم ڕێککەوتنەدا وازی لە پۆستەکەی خۆی ھێنا.

ھەرچەند تێرێزامەی توانیویەتی پشتگریی ئەندامانی کابینەکەی بۆ ڕێککەوتنی برگزیت بەدەست بێنێ، بەڵام گرفتی سەرەکیی بەردەم ئەم ڕێککەوتنە لە ئەنجومەنی بریتانیاو بەدەست ھێنانی پشتگریی نوێنەرانی تاقمە جۆربەجۆرەکانی ئەنجومەنە.

بڕیار وایە ڕێککەوتننامەکە لە قۆناغی دواتردا بۆ وتووێژو دەنگ وەرگرتن لە ئەنجومەنی عەوام دا باسی بکرێت، لە حاڵێکدا کە کۆمەڵێک لە نوێنەرانی مەجلیس سەربە پارتی دەستەڵاتداری پارێزکار بە ڕاشکاوی مەرجە قەبوڵ کراوەکان لە لایەن تێرێزامەی بۆ کشانەوە لە یەکێتیی ئەورووپایان بە جێگای قەبووڵ نەزانیوەو وشدارییان داوە کە لە دەنگ وەرگرتنەکەی پەرلەماندا ناتوانن لەم ڕێککەوتنە پشتگیری بکەن.