تشرینی دووه‌م 16, 2018 16:41 Asia/Tehran
  • دوو پەردەی دیکە لە شانۆی سعوودیاو ئەمریکا بەمەبەستی هەڵاتن لە زەخت و گوشاری جیهانیەکان

سەعوودیاو ئەمریکا بۆ هەڵاتن لەو زەخت و گوشارەی پاش کوژرانی کارەساتباری جەمال خاشوقچی دروست بوو دوو پەردەی دیکەی شانۆکەیان جێ بەجێ کرد.

"جەمال خاشوقچی" رۆژنامەنووسی سەعوودی دانیشتووی ئەمریکا رۆژی دووی ئۆکتۆبری٢٠١٨ لە کۆنسولخانەی عەرەبستانی سەعودی لە ئەستەمووڵ بەشێوەیەکی کارەساتبار بەدەست سەعوودی کوژرا.

یەک لە گرینگترین شوێنهاتەکانی ئەو تاوانکارییە ئەوە بوو کە عەرەبستانی سەعودی وئەمریکا کەوتوونەتە ژێر گوشاری بیروڕای گشتیی جیهانی.

عەرەبستان لەبەر ئەوە لەژێرگوشار دایە کە ئەو تاوانکارییە لەلایەن هێزە سەعوودییەکانەوە ئەنجامی گرتووەو ئەگەرچی لەهیچ ڕاپۆرێکدا بەئاشکرا ئاماژە نەکراوە بە دەور و ڕۆڵی "محەممەد بن سەلمان" پاشمیری عەرەبستان لەو تاوانکارییە، بەڵام "ڕەجەب تەییب ئەردۆغان" سەرۆک کۆماری تورکیا لە راپۆرێکدا لەبارەی ئەو تاوانکارییە ناڕاستەوخۆ ئاماژەی کردۆتە دەور و ڕۆڵی محەممەد بن سەلمان.

هەرلەوبارەوە، بەشی زۆری میدیا جیهانییەکان محەممەد بن سەلمان، پاشمیری سەعوودییان بە گەڵاڵەداڕێژ و دەرکەری فەرمانی کوشتنی جەمال خاشوقچی ناساند.

ئەمریکاش بەم هۆیەوە کەوتە بەر زەخت وگوشاری بیروڕای گشتیی جیهان کە بیروڕای گشتی خوازیاری هەوڵی جیددیی حکومەتی ئەمریکا لەدژ عەرەبستانی سەعوودی بوو بەتایبەت لەمەڕ بایکۆتی فرۆشی چەک بەو وڵاتە.

بەم حاڵەش، و بە تێپەڕینی نزیک بە چل وپێنج ڕۆژ بەسەر ئەو تاوانکارییەو درێژەی داواکاریی جیهانی بۆ ڕاگەیشتن بە تاوانی ئەنجامدەرانی کوژرانی جەمال خاشوقچی، حکومەتەکانی عەرەبستان و ئەمریکا تەنیا بە ئەنجامدانی دوو کردەی کارتۆنی وازیان هێنا.

"شلعان شلعان" وتەبێژی دادئەستێنی عەرەبستان دوێنێ١٥ی نۆڤمبەر لەکاتێکدا دانی نا بە کوژرانی خاشوقچی بەدەست هێزە عەرەبستانییەکان و پاشان تەرمەکەی لەت و پەت کراوە.

ناوبراو، "محەممەد بن سەلمان"ی لەو تاوانە رزگار کردو بە بێتاوان ناساندی و باسی ئەوەی کردووە کە بڕیاری سێدارەی دەرکردووە بۆ پێنج کەس لەو یازدە تاوانبارەی دەستیان بووە لە پرسی کوژرانی خاشوقچی. ئەو بڕیارە نەک هەر هەوڵێک بۆ ڕێزگرتن لە بیروڕای گشتی جیهانی نییە بەڵکوو تەنیا بڕیارێکی کاتۆنییە بۆ بەبێتاوان ناساندنی پاشمیری سەعودی و هەروەها سەرپۆشدانان بۆ هەتایە لەسەر پرسی کوژرانی خاشوقچی.

هەر لەوپەیوەندییەدا، رۆژنامەی ئەمریکی نیۆیۆرک تایمز، نووسی: لەوانەیە ڕاستیی بابەتی کوژرانی جەمال خاشوقچی قەت ئاشکرا نەبێ، بەتایبەت ئەوەی کە ڕەنگە پێنج تاوانباری سەرەکی ئەو تاوانکارییە کە سەرەکیترین شایەتحاڵن، لە سێدارە بدرێن.

پەردەی و دیوی تری ئەو شانۆگەرییە لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە جێ بەجێ کراوە. نووسینگەی کۆنترۆڵی داراییەکانی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا رۆژی ڕابردوو ناوی ١٧هاووڵاتی سەعوودی لەبەر هاوبەشبوون لە کوژرانی ئەو رۆژنامەنووسە ڕەخنەگرەی سەعودیای خستەنێو پێڕستی بایکۆتەکانی خۆی. ئەو کردەی ئەمریکاش تەنیا کردەیەکی پڕووپاگەندەیی و کارتۆنییە چونکە کەسانی بایکۆت کراو لەوان "سەعود قەحتانی" ڕاوێژکار پاشایەتی عەرەبستان و "محەممەد عەتیبی" سەرکۆنسولی عەرەبستان لە ئەستەمووڵی تورکیا لەریزی کارتە سووتاوەکانن کە تەنانەت  بڕیاری لەسێدارەدرانیان لەلایەن حکومەتی سەعوودیاش دوور لەچاوەڕوانی نییە.

بیروڕای گشتی جیهانی و تەنانەت ژمارێک سێناتۆری ئەمریکی خوازیاری هەوڵی جیددی ئەمریکا لەوان بایکۆتی چەکەمەنی عەرەبستانی سەعوودیان، بەڵام ترامپ کە تێڕوانینێکی ماددی بەهەموو پرس وبابەتەکان هەیە، "باج وەرگرتن" لە عەرەبستان دەخاتە سەرووی "جێ بەجێ کرانی دادگەریی".

حکومەتی ئەمریکا بەئاشکرا دەریخست کە تێڕوانینی "شێوازی ویاسایی" لە مۆدێلی ڕەفتاریی خۆی لابردووەو بەتەنیا تێڕوانینی ماددی زاڵە بەسەر سیاسەتە دەرەوەییەکەی. واپێ ناچێ کە ئەو شانۆگەرییانەو هەروەها شانۆگەرییەکانی دیکە کە بێگومان لەدرێژماوەدا جێ بەجێ دەکرێ، بتوانێ ئاستی زەخت وگوشاری بیروڕای گشتیی جیهانی لەدژ محەممەد بن سەلمان، پاشمیری عەرەبستان و دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا کەم بکاتەوە. هەرلەو پەیوەندییەدا، "توران قشلاقچی" سەرۆکی ئەنجومەنی میدیا عەرەبییەکان لە تورکیا باسی ئامادەیی بیست بازرگانی کردووە بۆ کڕینی باڵەخانەی کۆنسولخانەی عەرەبستان لە چوارچێوەی هەوڵێک لەژێرناوی "دەبێ کۆنسولخانە بکرێ بە مۆزەخانەو ئارامگەیەک بۆ جەمال خاشوقچی" کە لەم دواییەدا چالاکوانانی عەرەب هێناویانەتە ئاراوە.

سەرپەیڤ