تشرینی دووه‌م 20, 2018 21:56 Asia/Tehran
  • ڕوودانی تەقینەوە لە ئەفغانستان کوژران و بریندار بوونی سەدوچل کەسی لێ کەوتەوە

ته‌قینه‌وه‌یه‌کى خۆکوژى له‌ ناو ئاهه‌نگێکى تایبه‌ت به‌ یادى له‌ دایکبوونى پێغه‌مبه‌رى ئیسلام(ص) له‌ ئه‌فغانستان لانىکه‌م کوژرانی چل کەس و بریندار بوونی ھەشتاکەسی دیکەی لێ کەوتەوە.

دەسەڵاتدارانی ئەفغانستان ڕایانگەیاند، لە ئەنجامی تەقینەوەیەکدا لەبەردەم هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان لە کابوڵی پایتەختی ئەم وڵاتە، کە بەبۆنەی ساڵیادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (ص)ەوە ڕێکخرابوو ٤٠ کەس کوژران.

وەزارەتی تەندروستیی ئەفغانستان جەختی لەوەش کردووەتەوە کە، بەهۆی تەقینەوەکەوە تا ئێستا ژمارەی کوژراوەکان گەیشتووەتە ٤٠ کەس و برینداربوونی ٨٠ کەسی دیکە، بۆ بەهاناوەچوونی قوربانیانی ڕووداوەکەش دەیان ئوتۆمبێلی فریاکەوتن چوونەتە شوێنی ڕووداوەکە.

ھەر لەم پەیوەندییەدا بەسیر موجاهید وتەبێژی پۆلیسی کابوڵ ڕایگەیاندووە، تەقینەوەکە لەلایەن کەسێکی خۆکوژەوە ئەنجامدراوە.

لەلایەکی دیکەوە نەجیب دانیش وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان ڕایگەیاند، تەقینەوەکە  لەبەردەم هۆڵی ئۆرانۆسی تایبەت بە ئاهەنگ گێڕان  ئەنجامدراوە، کە لەوکاتەدا ئاهەنگێکی تایبەت بە یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام(ص) ی تیاد ا بەڕێوەچووە، چاوەڕوانیش دەکرێت ژمارەی کوژراوەکان ڕوو لە زیادبوون بکات، چونکە ژمارەیەک لە بریندارەکان دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە.

کەناڵی "تلوع فەجر"ی ئەفغانستان لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانی نزیک لە ڕووداوەکە وای بڵاو کردووەتەوە کە، نزیکەی هەزار کەس لەناو هۆڵەکەدا بوون کاتێک کەسێکی خۆکوژ بە پشتێنێکی بۆمبڕێژکراوەوە لەبەردەم هۆڵەکەدا خۆی تەقاندووەتەوە.

تا ئێستا هیچ کەس و لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەکە ڕانەگەیاندووە.