شوبات 20, 2019 13:40 Asia/Tehran
  • داخوازیی بریتانیا لە دەوڵەتی ئاڵمانیا بۆ چاوپۆشی کردن لە فرۆشرانی چەک بە دەوڵەتی ڕیاز

بریتانیا ھەڕەشەی لە دەوڵەتی ئاڵمانیا کردووە کە ئەگەر بێتوو ڕێگر بێت لە بەردەم فرۆشتنی چەک لە دەوڵەتی ڕیاز ھەم بۆ خۆی متمانەی بازرگانی لە دەست دەدات و ھەم دەبێتە ھۆی زەرەرمەند بوونی کەرتی پیشەسازیی چەک چێکردنی بریتانیا.

بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بەگێڕانەوە لە بڵاوکراوەی  شپیگڵ-ی ئەڵمانیا ، بریتانیا داوای لە حکومەتی ئەڵمانیا کردووە کە چاوپۆشی رێگرتنی فرۆشتنی چەکە سەربازیەکانی وڵاتەکەی بکات بۆ سعودیە، ئەگەرنا متمانەی بازرگانی لە دەست دەدات.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە حکومەتی بریتانیا، لە رێگەی جێرێمی هینت، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی، داوای لە ئەڵمانیا کردووە کە بە بڕیاری راگرتنی فرۆشتنی چەک بە وڵاتی عەرەبستاندا بچێتەوە ، چونکوئەگەربێتوو  ئەڵمانیا چاو بە بڕیارەکەیدا نەخشێنێتەوە، دەبێتە هۆی زەرەرمەندبوونی پیشەسازیی چەک چێکردنی بریتانیا و لەدەست چوونی متمانەی بازرگانیی خودی ئاڵمانیاش.

ئەم ھەڕەشەو ئاگادار کردنەوەیەی دەوڵەتی لەندەن لە ھەل و مەرجێکدایە کە لە مانگی تشرینی دووھەمی ساڵی رابردودا، حکومەتی ئەڵمانیا رایگەیاند بوو، لەبەر دۆسیەی کوشتنی رۆژنامەنوس جەمال خاشقچی لە کونسولخانەی ئەو وڵاتە لە ئەستەموڵی تورکیا مۆڵەتی هەناردەکردنی چەک بۆ وڵاتی عەرەبستان تازە ناکاتەوە.
ھەڵبەت ئەوەش جێگای سەرنجە کە ئەڵمانیا بە فەرمی بڕیاری قەدەغەکردنی هەناردەی چەک بۆ عەرەبستانی دەرنەکردووە، بەڵام لە ئێستادا رێگری لە کۆمپانیاکان دەکات بۆ رادەستکردنی چەک بەو وڵاتە.ئەمەش لە لەکاتێکدایە کە ئەڵمانیا بە رێژەی لەسەدا دووی تێکڕای هەناردەکردنی چەک بۆ عەرەبستان دابین دەکات کە بە بەراورد لەگەڵ هەناردەی چەکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاو بریتانیا رێژەیەکی زۆر کەمە، بەڵام رۆڵێکی گرینگ دەگێڕێت لە رێککەوتننامە هەناردەکردنی چەک و چۆڵ بۆ ڕژێمی ئالی سەعود، لەوانە رێککەوتنی لەگەڵ حکومەتی بریتانیا لەمەڕ کڕینی ٤٨ فڕۆکەی شەڕکەری لە جۆری تایفۆن بە بڕی ١٠ ملیار یۆرۆ بۆ عەرەبستان.

لەوبارەیەوە جێرێمی هینت، وەزیری دەرەوەی بریتانیا لە نامەیەکیدا بۆ هایکۆ ماکس، ھاوتای ئاڵمانیایی خۆی رایگەیاندووە: هەست بە دودڵی دەکات لەبارەی کاریگەریی بڕیارەکانی حکومەتی ئەڵمانیا سەبارەت بە کۆمپانیاکانی پیشەسازیی بەرگری بریتانی و ئەوروپی لەگەڵ ئەو سزایانەی لە توانای ئەوروپادا هەیە لەبارەی پابەند بوون لەسەر پەیمانی باکوری ئەتڵەسی واتە ناتۆ.
هینت ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆمپانیاکانی پیشەسازیی سەربازی بریتانیا، لە توانایاندا نیە ژمارەیەک لەو رێککەوتنانەی لەگەڵ سعودیەدا هەیانە بە ئەنجام بگەیەنن، لەوانەش فرۆشتنی فڕۆکەکانی تایفۆن و تۆرنیدۆ بەو وڵاتە، لەکاتێکدا بڕیارەکەی ئەڵمانیا لەبارەی نەفرۆشتنی چەک بە سعودیە دەتوانێت کاریگەربێت لە پیشەسازی و فرۆشتنی ئەو دوو فڕۆکەیەدا.

ناوبراو جەختیشی کردووە کە، وا ھەڵدەگرێت بە خێرایی دانوستانێک سەبارەت بە پرۆژەی هێزی بەرگری بکرێـت بەتایبەت لەمەڕ چەکەکانی یۆرۆفایتەر و تۆرنیدەر، کە دیارە ئەکگەر بێتوو لەم بارەیەوە ڕێککەوتنێک نەکرێت ، متمانەی بازرگانیی ئەڵمانیا وەکو هاوبەرژەوەندییەک دەکەوێتە مەترسیەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی لە نامەکەی جێرێمی هینت-دا هاتووە، بڕیاری راگرتنی فرۆشتنی چەک بە عەرەبستان لە لایەن ئەڵمانیاوە، تا ساڵی ٢٠٢٦ بە ڕێژەی مەزەندەکراوی دوو پۆیینت سێ ملیارد یۆرۆ زیان بە کۆمپانیاکانی بەرگریی ئەڵمانیا دەگەیەنێت

دەوڵەتتی ئاڵمانیا دوابەدوای کوژرانی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووسی ڕەخنەگرو نەیاری بنەماڵەی ئالی سەعود لە دووی ئۆکتۆبەری ٢٠١٨ لە کونسولخانەی ئەو وڵاتە لە ئەستەموڵی تورکیا مۆڵەتی هەناردەکردنی چەک بۆ وڵاتی عەرەبستانی ڕاگرت.

جێگای ئاماژەیە بەرلەمە فینلاند و دانیمارکیش لە بەیاننامەگەلێک دا لە بەر تاوانە جەنگیەکانی عەرەبستان و میرنشینە یەکگرتووە عەرەبیەکان دژی جەماوەری یەمەن ڕایانگەیاند بوو کە ناردەی چەک و تەقەمەنیی جەنگی بۆ عەرەبستان و میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکانیان ڕاگرتووە.