ئادار 16, 2019 17:54 Asia/Tehran
  • کاردانەوەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەکان بە پەلامارە ترۆریستییەکەی نیوزیلەند

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەکان ، هەروەها پەلامارە ترۆریستییەکانی سەر دوو مزگەوت لە نیوزیلەندیان شەرمەزار کرد.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئانادۆڵی؛ "کومی نایدۆ" سەرۆکی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، رۆژی هەینی یەکێک لە تاریکترین رۆژانی مێژووی نیوزیلەند بووەو ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی هاوخەمی خێزانی قوربانیانی پەلامارە ترۆریستییەکانی سەر دوو مزگەوتی ئەو وڵاتەیە.

"کومی نایدۆ" لەدرێژەی ئەو بەیاننامەدا وتی: ڕەوت و شێوازی زاڵێتی خوازانەو ڕەگەزپەرستانەی هێرشبەران دەبێ سەرانی جیهان ناچار بکات لەهەمبەر ئایدۆلۆژیای نەفرەت بڵاوکردنەوەدا ڕابوەستن.

"میشلە باشلت" کۆمیساریای باڵای ئەنجومەنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەکان لە ژنێڤیش ڕایگەیاند، ئەو ئەنجومەنە لەتەنیشت خێزانی قوربانیانی پەلامارە ترۆریستییەکان لە نیوزیلەنددا بووەو بەرەوڕووی هەرچەشنە ڕەگەزپەرستیەک دەبێتەوە.

ترۆریستانی چەکدار، رۆژی هەینی بەهاتنە نێو دوو مزگەوتی "لینود" و"النور" لە شاری "کرایست چرچ"ی نیوزیلەند تەقەیان لە نوێژخوێنان کرد کە لەو تاوانکارییە سامناکەدا پەنجا نوێژخوێن کوژران و پەنجا کەسی دیکەش بریندار بوون.

تائێستا زۆرێ لە وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، ئەو تاوانکارییە دڕندانەیان شەرمەزار کردووە.