ئادار 24, 2019 13:01 Asia/Tehran
  • قۆڵبەست کرانی زیاتر لە پەنجا ناڕازیی لە خۆپێشاندانەکانی پاریس

زیاتر لە پەنجا کەس لە نارازییانی ناسراو بە "هێلەگ زەردەکان" لە نۆزدەهەمین شەممەی خۆپێشاندانەکان لە پاریس گیران.

بەپێی ڕاپۆری ماڵپەڕی دۆیچە وێلە، سەرباری قەدەغەکرانی خۆپێشاندان و جێگیرکرانی هێزەکانی سوپا لە سەر شەقامەکان، ناڕازییانی ناسراو بە بزووتنەوەی هێلەگ زەردەکان رۆژی شەممە بە خۆپێشاندان لەسەر شەقامەکانی پاریس و ژمارێکی دیکە لە شارەکانی ئەو وڵاتە، نۆزدەهەمین حەوتەی ناڕەزایەتی بە سیاسەتەکانی "ئێمانۆئێل مەکرۆن"ی سەرۆک کۆماری فەڕانسەیان بەڕێوە برد.

پۆلیسی فەڕانسە، دوێنێ ڕێگەی نەدا خۆپێشاندەران لە شەقامی شانزەلیزەی پاریس و زۆربەی شوێنە ناوەندیەکانی دیکەی شارەکان گردببنەوە بۆیە، ناڕازییان و خۆپێشاندەران لە نزیک بورجی ئیفڵ خۆپێشاندانەکەیان بەڕێوە برد.

هێزە ئاسایشییەکان وێڕای تێکهەڵچوون لەگەڵ خۆپێشاندەران پەنجاو یەک کەسیان گرت و سزای دراڤییان سەپاند بەسەر بیست ونۆ کەسی دیکە لەبەر سوربوونیان لەسەر بەڕێوەبردنی خۆپێشاندان لە شەقامی شانزە لیزە.

هێلەگ زەردەکان لە شاری "نایس"یش سەرباری قەدەغەکرانی خۆپێشاندان، هاتنەسەر شەقام و بیست کەسیان لەلایەن هێزی پۆلیسەوە گیران.

لە ڕەوتی خۆپێشاندانی هێلەگ زەردەکان کە لە١٧ی نۆڤمبەری٢٠١٨وە دەس پێ بووە، یازدە کەس کوژراون، زیاتر لە دووهەزار کەس بریندار بوون و ٨٤٠٠کەسیش قۆڵبەست کراون.

هێلەگ زەردەکان وتوویانە، ئەمڕۆ یەکشەممەش درێژە دەدەن بە خۆپێشاندانەکەیان. ئەوان خوازیاری لەکارکشانەوەی مەکرۆنن.

سەرپەیڤ