ته‌مووز 18, 2019 07:54 Asia/Tehran
  • ئەمریکا فڕۆکەی شەڕکەری ئێف-٣٥ بە تورکیا نافرۆشێت

کۆشکی سپی پێی داگرت: واشێنگتۆن فڕۆکەی شەڕکەری ئێف-٣٥ بە تورکیا نافرۆشێت.

کۆشکی سپی ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند: بڕیاری تورکیا بۆ کڕینی سیستێمی موشەکیی ئێس-چوارسەدی ڕووسی دەبێتە ھۆی ئەوەی کە بەردەوامیی بەشداریی ئەمریکا لە پرۆژەی فرۆشتنی ئێف-٣٥ بە تورکیا مسۆگەر نەبێت.

کۆشکی سپی جەختی کردووە، ئەمریکا لە سەر ھاوکاری کردن لەگەڵ تورکیا بەردەوام دەبێت، بەڵام ئەو ھەنگاوەی تورکیا لەمەڕ کڕینی سیستێمی موشەکیی ئێس-چوارسەدی ڕووسی  شوێنێکی نەرێنی لە سەر ڕێکخراوەی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی «ناتۆ» دادەنێت.

کۆشکی سپی ھەروەھا داوای لە فڕۆکەوانانی تورکیایی کردووە کە ھەتا بەرواری ٣١ی ژوئیەی ٢٠١٩ خاکی ئەمریکا بەجێ بێڵن.

بەرلەمەش ڕۆژی سێشەمە ١٦ی تەمووزی ٢٠١٩ داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند: لە بەر ئەو ھەنگاوەی تورکیا لەمەڕ کڕینی سیستێمی موشەکیی ئێس-چوارسەدی ڕووسی، واشێنگتۆن ئیدی فڕۆکەی ئێف-٣٥  ناخاتە بەردەستی ئەمریکا.

تورکیا لە دیسامبەری ٢٠١٧ ڕایگەیاند: پەیمانی کڕینی سیستێمی دژە ئاسمانی و دژە موشەکیی ئێس-چوارسەد لە ڕووسیا بە بایی دوو ونیو ملیارد دۆلار یەکلایی کراوەتەوە.

نۆھەمین فڕۆکەی بارھەڵگری ڕووسیا ھەڵگری کەرەستەی ئێس -چوارسەد لە درێژەی ڕەوتی ڕادەست کردنی ئەم سیستێمە گەییشتووەتە بنکەی «ئاکیجی» لە نزیک ئانکارای پێتەختی تورکیا.

سەرپەیڤ