تشرینی دووه‌م 13, 2019 21:49 Asia/Tehran
  • دەس پێ بوونی سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ ئەمریکا

ڕەجەب تەیەب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا بە مەبەستی دیمانە و چاوپێکەوتنی کاربەدەستانی پایەبەرزی ئەمریکا گەیشتە واشنتۆن.

ڕەجەب تەیەب ئەردۆغان لەپاش هەوراز و نشێوی زۆر، ئەنجام وڵامی ئەرێی دایەوە بە بانگهێشتی فەرمیی "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆکی ئەمریکا و لە سەرووی شاندێکی یاوەری بریتی لە کاربەدەستانی پایەبەرزی سیاسی، ئابووری و پارتی دەسەڵاتداری داد و گەشەی تورکیا، بەرەبەیانی چوارشەممە 13ی نۆڤەمبەر گەیشتە واشنتۆن.

بەسەرەنجدان بەو هەوراز و نشێوانەی ئەم چەند ساڵەی دوایی کە لە پەیوەندیەکانی نێوان ئەنقەرە و واشنتۆندا وەدیهاتووە دەبێ بڵێین سەرۆک کۆماری تورکیا و شاندە یاوەرەکەی لە هەلومەرجێکدا سەردانی واشنتۆنیان کردووە کە نەک تەنیا گەڵاڵە و ستراتژیایێکی ئاشکرا بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی تورکیا و ئەمریکا لە ئارادا نیە بەڵکوو دەستەبەری و داهاتوویێکی دیاریش لەمەڕ بڕیار و هەنگاوە شیمانەییەکانی دۆناڵد ترەمپیش بەدی ناکرێت.

هەر بەم پێیە ژومارێکی زۆری نەیارانی دەوڵەتی ئەردۆغان کاتی گەشتەکەی سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ ئەمریکایان بە نەگونجاو زانیوە. بۆ نموونە "کەماڵ قلیچدار ئۆغلوو"ی سەرۆکی پارتی کۆماریخوازی گەل، هەر لەم پەیوەەندیەدا وتوویەتی: "گەشتەکەی ئەمدواییەی ئەردۆغان بۆ واشنتۆن بە بێ دەسکەوت و دەرەنجام دەبێت و نەدەبوو لە ئاوەها هەلومەرجێکدا سەردانی ئەمریکا بکات.

وا پێدەچێت کەبابەتگەلێکی وەکوو وەدیهێنانی ناوچەی ئەمن لە باکووری سووریا، نامە سووکایەتیەکەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بە هاوتا تورکەکەی، پەسەند کرانی دوو بڕیارنامە لە کونگرێسی ئەمریکا لە دژی تورکیا بە تایبەت پشت ڕاست کرانەوەی جینۆسایدی ئەرمەنەکان بە دەستی تورکە عوسمانیەکان لە ساڵی 1915ی زایینی، پرسی کڕینی سیستەمی بەرگریی مووشەکی S-400  ی ڕووسیا لەلایان تورکیا، هەڵپەسێردرانی دۆزی ئەندامەتیی توکیا لە گەڵاڵەی بەرهەمهێنانی فڕۆکە جەنگیەکانی بەرەی پێنجەم واتە F – 35، پرسی داخوازە یەک لە دوای یەکەکانی کاربەدەستانی ئەنقەرە بۆ ڕادەست کردنەوەی فەتحوڵڵا گولەن، پرسی مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەری گشتیی هێزەکانی سوپای سووریای دیمۆکرات و فەرمانی سووری ئینتەرپۆل لە دژی ئەو، بایکۆتی هەندێک لە وەزیرانی کابینەکەی ئەردۆغان لەلایان مەجلیسی سێنای ئەمریکا و بابەتگەلێکی وەکوو ئەوانە، تەوەرەی سەرەکیی چاوپێکەوتنەکانی کاربەدەستانی ئەنقەرە بێت لە واشنتۆندا.

لە راستیدا دەبێ بگوترێ: ئەوەی وا ئەردۆغان لە هەلومەرجی ئێستاکەدا دەیکات، هەنگاوێکە لە ئاراستەی ڕاگرتن و پاراستنی پەیوەندی و خۆدوور خستنەوە لە بڕیارە کتوپڕەکانی ترەمپ. زۆر دوور لە چاوەڕوانیە کە لە هەلومەرجی ئێستاکەدا، ئەمریکا بیەوێ ئیمتیازێکی جێی سەرەنج بە دەوڵەتی ئەردۆغان و شاندە یاوەرەکەی ببەخشێتەوە.

 

 

سەرپەیڤ