ئادار 30, 2020 16:42 Asia/Tehran
  • 
نرخی نەوتی خاو بۆ یەکەمجار نزمترین ئاست لە دوای ساڵی 2002ەوە

ئەمڕۆ نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزی بۆ نزمترین ئاست، کە لە دوای مانگی (تشرینی دوەم/11) 2002ەوە ئەو نرخەی تۆمارنەکردوە، ئەوەش بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و سەرهەڵدانی ململانێی نێوان روسا و سعودیە لەبارەی نرخی نەوت.

بەپێی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، ئەمڕۆ دوشەممە نرخی نەوتی خاوی برێنت 1.68 دۆلار دابەزی و بە 23.03 دۆلار مامەڵەی پێکراوە، واتە بەڕێژەی لەسەدا 6.7 دابەزیوە.

لەهەمانکاتیشدا نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکا 1.17 دۆلار دابەزی و بە 20.34 دۆلار مامەڵەی پێکراوە، واتە بەڕێژەی لەسەدا 5.4 دابەزیوە.

دابەزینی نرخی نەوتی خاو بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دەستپێکردنی جەنگە لەبارەی نرخی نەوت لە نێوان سعودیە و روسیا کە دو گەورە بەرهەمهێنەری رێکخراوی ئۆپیکن و سەرپەرشتی رێکخراوەکەش دەکەن.

27ی ئەم مانگە سعودیە رایگەیاند، نایەوێت دانوستان لەگەڵ روسیا بکات بۆ راگرتنی هاوسەنگی نرخی نەوت لەبازاڕەکانی جیهاندا، ئەمە سەرەڕای ئەوەی لەلایەن واشنتنەوە بەردەوام فشاری دەخرێتەسەر بۆ کۆتایهێنان بەو جەنگەی کە لەبارەی نرخی نەوتەوە لەگەڵ روسیا دەستیپێکردوە.

شارەزایانی ئابوری لەو بڕوایەدان چارەسەرێک بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکانی نێوان وڵاتانی ئۆپیک هەبێت، بەڵام چارەسەرکردنی قەیرانی کۆرۆنا کە بەهۆیەوە گەشەسەندنی بازاڕەکانی ئابوری وەستاوە، هێشتا هەوڵێکی زۆری دەوێت.