شوبات 19, 2018 11:27 Asia/Tehran
  • تەقینەوەی بۆمبا لە پارێزگای ئەنباری عێراق

لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبا لە پارێزگای ئەنبار لە ڕۆژئاوای عێراق دوو کەس کوژران.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران، سەرچاوە ئاسایشتییەکان لە پارێزگای ئەنباری عێراق سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ڕایانگەیاند: لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبایەکی دەستکرد لە بازگەیەکی شاری ڕەتبە لە ڕۆژئاوای ئەم پارێزگایە دوو سەربازی عێراقی کوژران و پێنج کەسی دیکەش بریندار بوون.

تاقمی تیرۆریستی داعش بەرپرسایەتیی ئەم تەقینەوەیەی بە ئەستۆ گرتووە.

وەزارەتی نێوخۆی عێراق ھەروەھا باسی تەقینەوەی بۆمبایەکی دەستکردی کردووە لە ناوچەی زیونە لە ڕۆژھەڵاتی بەغدای پێتەختی عێراق. ئەم تەقینەوەیە ھیچ جۆرە زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتووەتەوە.

جێگای ئاماژەیە کە شارە جۆربەجۆرەکانی پارێزگای ئەنباری عێراق لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوودا لەژێر ڕکێفی ئەندامانی تاقمی تیرۆریستیی داعش ڕزگار کراوە، بەڵام کۆمەڵێک لە چەکدارانی ئەم تاقمە ڕەشەکوژە لە گردوپەڕی ئەم پارێزگا ڕۆژئاواییەی عێراق دا خۆیانیان حەشار داوەو جاروبار هێرشێکی تێکدەرانە ئەنجام دەدەن.

 

 

سەرپەیڤ