ته‌مووز 16, 2018 11:48 Asia/Tehran
  • 10 گوندی هه‌ورامان له‌ ریزی ئاسه‌واری نیشتمانیی ئێران تۆمار ده‌کرێن

بە فەرمانی جێگری سەرۆک کۆماری ئێران 10 گوندی هەوارمان لە ریزی شوێنەوارو ئاسەواری نەتەوەیی ئێران تۆمار دەکرێن.

عه‌لی ئەسغەر موونسان، جێگری سەرۆک کۆماری ئێران لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکی دەستەی گەشتیاری و ئاسەواری فەرهەنگیی ئێران و بەهمەن مورادنیا پارێزگاری کوردستان، وێڕای ئاماژە دان بە مادەکانی یاسای دەستەی گەشتیاری و ئاسەواری فەرهەنگی و یاساکانی دەستووری ئێران سەبارەت بە ئاسەوار و شوێنەواری فەرهەنگی وڵات، فەرمانی داوە 10 گوندی هەورامانی سه‌ر به رۆژهه‌ڵاتی کوردستان بخرێنە لیستی ئاسەوار و شوێنەواری نەتەوەکانی ئێرانەوە.

له‌ نامەکەدا هاتووە: دەبێ ئاسەواری فەهەنگی و مێژوویی گوندەکانی، وەسی ژووروو، وەسی خواروو، گەلێن، دۆڵاو، بزڵانە و هەشەمێز لە پارێزگای کوردستان، لە ریزی ئاسەواری نەتەوەیی ئێران تۆمار بکرێن.

بە پێی فەرمانەکه‌، ئەم گوندانە وەک ئاسەواری نەتەوەیی دەخرێتە ژێر چاودێری و دەپارێزرێن و هیچ کەس و لایەنێک بۆی نیە دەستێوەردانی ئەو شوێنانە بکات و بە گۆڕانکاری تێکی بدات و هەر جۆرە سەرپێچییەکیش ڕووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە.باسی ئه‌وه‌شکراوه‌، هەرجۆرە چاکسازی و نۆژەن کردنەوەی بینا و ماڵەکانی ئەم گوندانە دەبێ بە چاودێری و مۆڵەتی یاسایی کارناسەکانی دەستەی گەشتیاری و ئاسەواری فەرهەنگیی ئێران ئەنجام بدرێت.

تۆماری ئەم گوندانە لە ڕێزی ئاسەواری نەتەوەکانی ئێران لە سەر هەوڵ و تێکۆشانی کارناسانی شوێنەوارەکانی هەورامان کراوە و دەبێتە هۆی ناساندنی هەرچی زیاتری ئەم شوێنانە و راکێشانی گەشتیاران و پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری و فەرهەنگی ئەم گوندانە و هەروەها رێخۆشکەر دەبێت بۆ تۆماری هەورامان لە لیستی ئاسەواری جیهانیدا.