تشرینی یه‌که‌م 23, 2017 13:33 Asia/Tehran
  • جێ و شوێنی عێراق لە ستراتژیای ڕۆژهەڵاتی ناڤینی دەوڵەتی ترەمپ دا

لە ستراتژیای دەوڵەتی ئێستای ئەمریکا بۆ ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا، عێراق جێ و شوێنێکی تایبەتیی هەیە.

 لە ستراتژیای دەوڵەتی ئێستای ئەمریکا بۆ ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا، عێراق جێ و شوێنێکی تایبەتیی هەیەو هەر لە بەر ئەمەش ڕێکس تیلەرسۆن وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەمریکا لە ڕیازی پێتەختی عەرەبستانی سەعودی، کۆبوونەوەیەکی کرد کە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق و مەلیک سەلمان پاشای عەرەبستانیش تیای دا بەشدار بوون. ئەم کۆبوونەوەیە سەرەتای ڕوانگەی تازەی دەوڵەتی ئەمریکا بەرامبەر بە پرسی عێراقە.

هەڵبەت عێراق لە ماوەی زیاتر لە دوو دەیەیە کە جێگای سەرنجی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناڤینی ئەمریکایە. لەم ماوەیەدا عێراق دوو جار لە لایەن ئەمریکاوە پەلاماری سەربازیی کراوەتە سەر و جارێکیشیان لە لایەن ئەو وڵاتەوە بە شێوەی سەربازی داگیر کراوە. هەروەها ئەمریکا بۆ مانەوەی خۆی لە عێراق دا و تووشی گێچەڵ و ئاژاوە کردنی ناوچەکە، تاقمە توندئاژۆو و تیرۆریستەکانی لەم وڵاتەدا بەهێز کرد کە لە ئەنجام دا بووە هۆی خولقان و سەرهەڵدانی تاقمی دڕندەو خوێنمژی داعش. هاوکاتیش پەرە پێ دانی ناکۆکییە نێوخۆییەکان و پاڵ پێوەنانی هەرێمی کوردستانی بۆ دابڕان و جیا بوونەوە، لەو ستراتژییانەی دیکەی واشێنگتۆن بووە لە هەمبەر عێراق دا لە ماوەی پانزە ساڵی ئەم دواییە.

ئێستاکە بە هاتنە سەر کاری دەوڵەتی تازە لە واشێنگتۆن، ئەمریکییەکان بەنیازی ئەوەن کە بە یەک خستن و یەکانگیر کردنی عێراق و عەرەبستان هاوپەیمانییەکی تازەی دژی ئێران لە ناوچەکەدا پێک بێنن. لە ڕوانگەی کاربەدەستانی دەوڵەتی ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکاوە، ئێرانێکی هێزمەند گەورەترین مەترسییە بۆ ڕێکمەندییەکەی ئەمریکا لە ڕۆژئاوای ئاسیاو دەبێ لە تەواوی بارستاییە سیاسی، ئابوورییەکان و تەنانەت  ئەگەر پێویستیش بکات لە توانایی سەربازی و ئاسایشتی دژی ئێران کەڵک وەربگرن. لەم ناوەدا ئەمریکییەکان هەوڵیان داوە هەتا بەرپرسایەتیی ناوچەیی هەنگاوەکانی دژی ئێرانیی خۆیان بخەنە ئەستۆی عەرەبستانیی سەعودییەوە و وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە لە دەوروبەری ڕیاز خڕ کەنەوە. ئەمەش لە حاڵێکدایە کە ئەزمونی دوو دەیەی ئەم دواییە ئەوەی دەرخستوە کە کە ڕەوتی ئاڵ و گۆڕە سیاسی و ئاسایشتییەکانی ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا بە زۆری بەدەر لە حەزو ویستی ئەمریکییەکان پێکهاتووە. هێشتا بیرەوەریی سەرەڕۆییەکانی عەرەبستان لە عێراق و پشتگری کردنی ئەو وڵاتە لە تاقمی تیرۆریست و خوێنمژی داعش لە زەینی جەماوەری عێراق دا نەسڕدراوەتەوە، هەر چۆن بیرەوەریی ڕۆڵگێڕانی ئێرانیش لە خەباتی دژی داعش و ڕزگار کردنی شارومەندی عێراقی لە چنگی ئەو تاقمە خوێنمژە دڕندەیە لە زەینی عێراقییەکاندا ماوەتەوەو قەت لە بیریان ناچێت.

ئەمەو لە لایەکی دیکەوە بە شایەتیی مێژوو، ناکۆکیی سیاسی و ئابووری و ئاسایشتی و بڕوایی لە نێوان وڵاتانی عەرەبی هێندە قوڵ و ڕیشەدارە کە پێش بە پێکهاتنی هاوپەیمانگەلی پاوەجێ و بەردەوام  ئەویش دژی وڵاتێکی موسڵمان و شوێن دانەری وەک کۆماری ئیسلامیی ئێران دەگرێت. دوا نمونەشی ناکۆکییەکانی ئێستای نێوان عەرەبستانی سەعودی و قەتەرە. ئەمە جیا لەوەی کە بەرژەوەندیی بەربڵاوو درێژماوەی ئەمریکییەکان لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا لە سەر بنەمای ناکۆکی چێکردن و دووبەرەکی نانەوەی نێوخۆیی و دەرەوەیی لە نێوان موسڵمانانی ناوچەکە مسۆگەر دەبێت و حەز بە یەکگرتنی ئەو وڵاتانە ناگرێت. بەم پێیە ئامانجێکی کاتی قەت بەستێن بۆ یەکگرتن لە ناوچەکەدا خۆش ناکات.

لە کۆتایی دا دەبێ بوترێت کە دامەزرانی ئەهوەنی و ئاسایشت لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا لە ڕێگای بەشداریی گشتیی دەورگێڕە ناوچەییەکانەوە ڕێی تێ ئەچێ  نەک سیاسەتی ئاژاوەگێڕانەی دەورگێڕەکانی دەرەوەی ناوچەکە.