کانونی دوھەم 18, 2018 12:38 Asia/Tehran
  • ھۆی گرینگایەتیی ھەڵبژاردنی پەرلەمانیی ٢٠١٨ لە عێراق دا

بە ڕاگەیاندنی لێژنەی باڵای ھەڵبژاردنی عێراق ١٤٣ پارت لە قەواخی ٢٧ ھاوپەیمانی لە ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانیی ئەم وڵاتەدا خەریکی ململانێ دەبن.

بڕیاروایە چوارەمین خولی ھەڵبژاردنی پەرلەمانیی عێراق ١٢ی مای ٢٠١٨ لە ١٨ بنکەی ھەڵبژاردن لە سەرتاسەری عێراق دا لەوانە ئەو ناوچانەی کە لەژێر ڕکێفی تاقمی تیرۆریستیی داعش ڕزگار کراون بەڕێوە بچێت. یەکەم ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥، دووھەمین ھەڵبژاردن لە ساڵی ٢٠١٠ و سێھەمین ھەڵبژاردنیش لە ساڵی ٢٠١٤ دا بەڕێوە چووە.

ئاوڕدانەوەیەکی ئامارییانە لە ھەڵبژاردنی ٢٠١٨ی عێراق دەربڕی دابەزینی ژمارەی کۆتلەو ھاوپەیمانییەکان و زیاد بوونی ژمارەی کەسانی خاوەن مەرجی ھەڵبژاردنە. لە ڕووی حیزبییەوە لە ھەڵبژاردنەکەی ساڵی ٢٠١٤ ، ٢٧٧ پارت و دامەزراوەی سیاسی لە قەواخی ٣٦ ھاوپەیمانی و یان بە شێوەی تاک و تەرا پێکەوە ململانێیان کرد. لە ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨ دا ھێشتا ژمارەی ئەو پارتانەی کە بە شێوەی تەنیاو سەربەخۆ بەشداریی ھەڵبژاردنەکە دەکەن، ڕانەگەیەندراوە، بەڵام ١٤٣ پارت لە چوارچێوەی  ٢٧ ھاوپەیمانی دا لەم ھەڵبژاردنە خەریکی ململانێ دەبن. دابەزینی ژمارەی ھاوپەیمانییەکان دەتوانێ بە واتای پێشبڕکێی چڕوپڕتریش بێت لە ھەڵبژاردنەکەدا. لە ھەڵبژاردنەکەی ساڵی ٢٠١٤ ، بیست و یەک ملوێن و شەشسەد ھەزار کەسی خاوەنی مەرجی بەشداری کردن لە ھەڵبژاردن دا بوون، بەڵام ئەم ڕێژەیە بۆ ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ٢٠١٨ی ئەمساڵ بۆ ٢٤ ملوێن کەس ھەڵکشاوە.

یەکێک لە گرینگترین ھۆکارەکانی گرینگایەتیی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عێراق دا ئەمەیە کە میکانیزمی سیاسیی ئەم وڵاتە پەرلەمانییە. بەم پێیە پێکھاتەی پەرلەمان لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، سەرۆک وەزیران، سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرانی کابینەی دەوڵەت کاریگەریی زۆر دەبێت. بۆ وێنە پێکھاتەی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی ٢٠١٠ بووە ھۆی سەرھەڵدانی ناکۆکی لە نێوان کۆتلەکانی عێراق بۆ دیاری کردنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، چونکو ھاوپەیمانیی ئەلعێراقییە ببوو بە خاوەنی زیاترین کورسیی حیزبی و ھاوپەیمانی لە ھەڵبژاردن دا، کەچی زۆرینەی پەرلەمان لە نوێنەرانی سەربە لایەنە شێعەکان پێک ھاتبوو کە بە پێی دابی گونجاو خوازیاری دیاری کرانی سەرۆک وەزیران لەنێو شێعەکاندا بوون.

بە پێی داب و نەریت و یاخود ڕێککەوتنی نەنووسراوی نێوان کۆتلە عێراقییەکان، سەرۆک کۆمار لە نێو کوردو سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران للە نێو شێعەکان و سەرۆکی پەرلەمانیش لە نێو سوننەکانی عێراق دا ھەڵدەبژێردرێت.

بەم پێیەی کە هەڵبژاردنی ئەمساڵ، یەکەم هەڵبژاردنی دوای سەرکەوتنی تۆکمەوتەواوی عێراق بە سەر تاقمی تیرۆریستیی داعش دا دێتە ئەژمار، ھەر بۆیە گرینگایەتییەکی تایبەتیی ھەیەو بە سەرنجێکی زۆرەوە لە لایەن ڕەوتە سیاسییەکانی نێوخۆی عێراق و وڵاتانی ناوچەکەو جیهانەوە پێ و شوێنی دەگیردرێت . بە واتایەکی دیکە عێراقی دوای داعش لە ڕاستی دا قۆناغێکی تازەی ژیانی سیاسی تاقی دەکاتەوە کە ھەڵبژاردن خاڵی دەستپێکیەتی. ھەر لە بەر ئەمەش ململانێی کۆتلەو لایەنەکان بۆ ئەم ھەڵبژاردنە چڕوپڕتروو توندتر دەبێت.ھەرلەم ئاراستەیەدا عەمار حەکیم و   موقتەدا سەدر چوونەتە تەنیشتی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئێستای عێراقەوە ھەتا ھاوپەیمانییەکی تازە لە عێراق دا پێک بێنن. ھەر ئەمەش بۆی ھەیە ململانێی نێوان حەیدەر عەبادی و نووری مالکی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق توندوتۆڵ تر بکاتەوە.

لەم بوارەدا ئەردەشیری پەشەنگ کارناسی کاروباری عێراق وێڕای ئاماژە کردن بەم ململانێیەی نێوان نووری مالکی و حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشترو ئێستای عێراق وتوویەتی: نووری مالکی سەرۆکی کۆتلەی پارتی دەعوەی ئیسلامییەو حەیدەر عەبادیش لەو پارتەدا جێگریەتی. حەیدەر عەبادی لە لایەن عەمار حەکیم و ڕەوتی سەربە موقتەدا سەدرەوە پشتیوانیی لێ دەکرێت، لە حاڵێکدا کە وادیارە نووری مالیکی بێجگە لە ئەندامانی پارتی دەعوەی ئیسلامی، زۆربەی ئەندامانی ھێزی حەشدی شەعبیشی لەگەڵ دایە. دیارە ئەمەش وا دەکات کە سەرەکی ترین ململانێی ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراق بۆ بەدەستەوە گرتنی پۆستی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی ئەم وڵاتە لە نێوان ئەم دوو باڵەدا بێت.

دووھەمین ھۆکاری گرینگ بوونی ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراق ئەمەیە کە ئەم ھەڵبژاردنە لە کەشێکی تازەی پەیوەندییەکانی نێوان کوڕدو دەوڵەتی ناوەندیی عێراق بەڕێوە دەچێت. جکومەتی ھەرێمی کوردستانی عێراق ٢٥ دیسامبەری ٢٠١٧ وێڕای بەڕێوە بردنی گشتپرسیی جیا بوونەوەی کوردستان لە عێراق ھەوڵی دا ھەتا وڵاتێکی سەربەخۆی کوردی پێک بێنێت، کەچی گشتپرسییەکە لە ئەنجامی سیاسەتەکانی دەوڵەتی عێراق شکستی ھێنا. ئێستاش چۆنیەتیی بەشداریی کورد لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی ئەم وڵاتە گرینگایەتییەکی زۆری ھەیە، چونکو ھێشتا حکومەتی ھەرێمی کوردستانی عێراق دەرەنجامی گشتپرسییەکەی ھەڵنەوەشاندووەتەوەو ھیچ دانوستانێکی بەبڕشتانەش لە نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستانی عێراق و دەوڵەتی ناوەندیی بەغدا بەڕێوە نەچووە.

ماوەتەو بڵێین کە ھەڵبژاردنی پەرلەمانیی عێراق بۆ ھێزەکانی ناوچەکەو بەدەر لە ناوچەکەش گرینگایەتییەکی زۆری ھەیە. جێگای ئاماژەیە یەکەم ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥، دووھەمین ھەڵبژاردن لە ساڵی ٢٠١٠ و سێھەمین ھەڵبژاردنیش لە ساڵی ٢٠١٤ دا بەڕێوە چووە. 24 ملوێن کەس لە تێکڕای پتر لە 37 ملوێن حەشیمەتی عێراق مەرجی بەشداری کردن لە چوارەمین خولی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2003 هەتا ئێستایان هەیە.