ئاب 20, 2018 16:34 Asia/Tehran
  • بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی بەرائەت لە موشرکین لەسارای عەرەفات

حاجیانی بەیتوڵڵاهولحەرام لەڕێوڕەسمی بەرائەت لە موشرکین لەسارای عەرەفات، جەختیان کرد لەسەر یەکڕیزی و یەکدەنگی موسڵمانان و بەرەوڕووبوونەوەی گەڵاڵەگەلی ئاژاوەگێڕانەی دوژمنانی ئیسلام.

لە ڕێوڕەسمی بەرائەت لە موشرکین کە ئەمڕۆ دووشەممە بەخوێندنەوەی پەیامی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی بۆ حاجیانی بەیتوڵڵاهولحەرام دەس پێ کرا، حاجیانی ئێرانی وژمارێک حاجی لەگشت وڵاتان تێیدا بەشداربوون و ئەوان بەدانی دروشم لەدژ ئەمریکا، رژیمی ئیسرائیل و هاوپەیمانانی، هێما شەیتانی وئیستکبارییەکانیان ئیدانە کرد.

بەیاننامەی ڕێوڕەسمی بەرائەت لە موشرکین بە دروشمی ئەڵڵاهوئەکبەری ئامادەبووانیش خوێندرایەوە کە تێیدا هەرچەشنە سازان لەگەڵ موستەکبران و موشرکین ئیدانە کراوە.

دوعای عەرەفە، بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمی ئەمڕۆ دووشەممەیە کە لە عەرەفات بەڕێوە دەچێ.

نزیک بە سێ ملوێن موسڵمان لە دوێشەو(یەکشەممە)ـەوە بەرەو عەرەفات کەوتنە ڕێ و بڕیارە پاش پشوودانێکی نزیک٢٤کاژێریی سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ئەو ناوچەیە بەرەو مەشعەرولحەرام، ناوچەیەکی هەڵکەوتوو لەنێوان عەرەفات و مینا جێ بێڵن.

حاجیان سەرلەبەیانی رۆژی سێ شەممە هاوکات لەگەڵ جێژنی قوربان لە عەرەبستان دەگوێزرێنەوە بۆ مینا، هەڵکەوتوو لە گردووپەڕی ڕۆژهەڵاتی مەککەو هەتا رۆژی پێنج شەممە لەوێ دەمێننەوەو پاش ڕەجمی شەیتان و قوربانی کردن، کۆتایی بە کارەکانیان دێنن و بۆ تەواف کردن دەگەڕێنەوە مەککەی پیرۆز.