تشرینی دووه‌م 20, 2018 17:55 Asia/Tehran
  • بەڕێوەچوونی یازدەهەمین خولی دانوستانەکانی ئاستانە لە ٢٨ی مانگی نۆڤمبەری ئەمساڵ

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس و لەزمان هەواڵدەریی ئانادۆڵەوە "غیرەت عەبدوڕەحمانۆف"ی وەزیری دەرەوەی قەزاقستان لەوتووێژ لەگەڵ پەیامنێران بەئاماژە بە خولێکی نوێی دانوستانەکانی ئاستانە لەئاراستەی چارەسەریی ڕامیاریی قەیرانەکەی سووریا ڕایگەیاندووە کە تورکیا، ڕووسیاو ئێران ڕێککەوتوون لەسەر بەڕێوەچوونی یازدەهەمین خولی دانیشتنی ئاستانە لەمەڕ سووریا لە ڕۆژانی٢٨ هەتا٢٩ی مانگی نۆڤمبەر لە قەزاقستان .

ناوبراو لە درێژەی لێدوانەکانی وتوویەتی: بەپێی دابی باو نوێنەرانی سێ وڵاتی ئێران، تورکیاو ڕووسیا وەک وڵاتانی گەرەنتیکاری ئاگربەس لە سوریا لەو دانیشتنە بەشدار دەبن، جگە لەوە چەند شاندێکی حکومەتی سوریاو نەیارانیش ئامادەی ئەو دانیشتنە دەبن، هەروەها ئۆردۆن و ڕێکخراوی نەتەوەکان، بانگهێشتن نامەی فەرمی بۆ ئامادەبوون لەو دانیشتنەیان بەدەست گەیشتووە.

شیاوی ئاماژەیە یەکەم دانیشتنی ئاستانە بەبەشداریی شاندگەلێک لە تورکیا، ئێران، ڕووسیا، ئەمریکا، حکومەتی ناوەندیی سوریا، نەیارانی سوری و ڕێکخراوی نەتەوەکان، بۆ دۆزینەوەی ڕێکارێکی سیاسی بەمەبەستی کۆتایی هێنان بە شەڕی سوریا لە ژانڤییەی ٢٠١٧ بەڕێوە چووبوو.