ته‌مووز 17, 2019 07:58 Asia/Tehran
  • فڕۆکە بێ فڕۆکەوانییە یەمەنییەکان هێرشیان کردەسەر فڕۆکەخانەی جیزان و پێگەی مەلیک خالیدی عەرەبستان

یەکەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیی سوپاو لێژنە جەماوەریەکانی یەمەن دوێشەو فڕۆکەخانەی جیزان و هەروەها پێگەی مەلیک خالید لەپارێزگای عەسیر هەڵکەوتوو لەباشوری عەرەبستانیان بۆردومان کرد.

بەپێی ڕاپۆری ئاژانسی هەواڵیی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی ئێران، وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن ڕایگەیاند، فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی جۆری "قاسف کەی دوو"ی سوپای یەمەن، فڕۆکەخانەی فڕۆکە جەنگییەکان و ئامانجە سەربازییە گرینگ و هەستیارەکانی فڕۆکەخانەی جیزان و هەروەها پێگەی ئاسمانیی مەلیک خالیدیان بۆردومان کردووە.

"یەحیا سەریع" بەئاماژە بەوەی کە هێرشی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانییەکانی یەمەنییەکان ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەی جیزانی بەدواوە بووە، وتی: کرانەئامانجی فڕۆکەخانەی جیزان لەچوارچێوەی وەڵامدانەوە بە گەمارۆی گەلی ستەملێکراوی یەمەن ئەنجامی گرتووە.

وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن پاش ئەو هەڵمەتە سەرکەوتووانەی یەکەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیی سوپای ئەو وڵاتە پێی داگرت؛ هیچ شوێنێک چ لەناوخۆ و چ لە دەرەوەی یەمەن، هێمن نییە بۆ پێشێلکەران و دەسدرێژکاران.

وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن وتیشی؛ تاکاتێک کە پەلامارەکانی هاوپەیمانیی سەعودی بۆسەر یەمەن درێژەی بێ، مافی کاردانەوە بە دەسدرێژکاری بۆسەر یەمەنییەکان پارێزراوە.

فڕۆکەخانەکانی جیزان و ئەبها و هەروەها پێگەی ئاسمانیی مەلیک خالید لەباشوری عەرەبستان لەچەند حەوتەی ڕابردوودا چەندین جار لەلایەن یەکەکانی فڕۆکەوانیی ومووشەکیی سوپاو لێژنە جەماوەریەکانی یەمەن، کراونەتە ئامانج.

ئەو دوو فڕۆکەخانەو پێگەی ئاسمانیی مەلیک خالید شوێنی تێکردنی سوتەمەنی و پشتیوانیی ئەو فڕۆکە جەنگییانەیە کە لەپەلامارەکانی هاوپەیمانیی سەعودی بۆسەر یەمەن کەڵکیان لێ وەردەگیردرێ.