تشرینی یه‌که‌م 16, 2019 11:48 Asia/Tehran
  • درێژەی پەلامارە ئاسمانییەکانی عەرەبستان بۆسەر باکور و رۆژاوای یەمەن

وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن ڕایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی عەرەبستان لەماوەی چەند کاژێری ڕابردوودا زیاتر لە چل و دوو جار پارێزگای سەعدەو حەججەی یەمەنیان بۆردومان کرد.

بەپێی ڕاپۆری ماڵپەڕی ئەلمەسیرەی یەمەن، "یەحیا سەریع" شەوی ڕابردوو(سێ شەممە) ، ڕایگەیاند؛ لەو هێرشە ئاسمانییانەدا خەساری زۆر لە ماڵ و زەوی و زاری خەڵک کەوتووە.

لەهەمان کاتدا، هێزەکانی سەربە هاوپەیمانیی دەسدرێژکاری سەعودی بە تۆپ و چەکی قورس، ماڵی شارومەندانیان کردە ئامانج لە شاری دورەیهمی هەڵکەوتوو لە پارێزگای حودەیدەی یەمەن کە لەگەمارۆی ئەوان دایە.

وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن وتیشی: هێزەکانی سوپاو لێژنە جەماوەریەکانی یەمەنیش توانیان هێرشی هاوپەیمانیی دەسدرێژکاری سەعودی بۆسەر ناوچەی جیزان لەباشوری عەرەبستان بەرپەرچ بدەنەوە کە کوژرانی ژمارێک لەهێزە سەعودیەکانی لێکەوتەوە.

عەرەبستان بە پاڵپشتیی ئیمارات، ئەمریکاو چەند وڵاتی دیکە لە مارسئی٢٠١٥ـەوە دەستی کرد بە دەسدرێژکاریی سەربازی بۆسەر یەمەن و گەمارۆی زەوینی، دەریایی وئاسمانیی ئەو وڵاتە.