تشرینی دووه‌م 21, 2019 08:34 Asia/Tehran
  •  ڕێکخراوەی نەتەوەکان: نیوەی قوربانییەکانی شەڕی یەمەن ژن و منداڵن

نووسینگەی ڕێکخستنی کاروباری مرۆڤ دۆستانەی ڕێکخراوەی نەتەوەکان لە یەمەن ڕۆژی چوارشەممە لە بەیاننامەیەک دا ڕایگەیاند: نیوەی قوربانییەکانی شەڕی ئەم وڵاتە ژن و منداڵن .

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئیرنا،نووسینگەی ڕێکخستنی کاروباری مرۆڤ دۆستانەی ڕێکخراوەی نەتەوەکان لە یەمەن وێڕای ڕاگەیاندنی ئەم ڕێژەیە داوای لە هاوپەیمانیی سەعودی کرد کە خۆی ببوێرێت لە کردنە ئامانجی کەسانی سڤیل بەتایبەت منداڵان.

عەرەبستانی سەعودی وێڕای پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ بڕێک لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە لە مارسی دووهەزاروپانزەوە شاڵاوێکی بەربڵاوی دژی یەمەن دەست پێ کردووە و هاوکات ئەم وڵاتەی لە وشکانی و دەریاو ئاسمانەوە گەمارۆداوە. ئەمە جیا لەوەی کە ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە بە تەواوی خاپوور کراون و جەماوەری ئەم وڵاتە بەرەوڕووی دیاردەی دەگمەن و بەربڵاوی برسیەتی و نەخۆشیی بەربڵاو لەوانە کۆلێرا بوونەتەوە بە تایبەت منداڵان و بەساڵاچووان. ڕێکخراوەی نەتەوەکان ڕایگەیاندووە، بە تێکڕایی نزیکەی نۆزدە ملوێن یەمەنی بە پتر لە دوو لە سێی تێکڕای حەشیمەتی ئەم وڵاتە پێویستیان بە یارمەتی و پشتیوانییە.

شەڕهەڵایساندنی عەرەبستان و ھاوپەیمانەکانی لە یەمەن ھەتا ئێستا کوژرانی پتر لە شانزە هەزار یەمەنی و بریندار بوونی دەیان هەزار کەس و هەڵوەدا بوونی ملوێنان کەس لە خەڵکی یەمەنی لێ کەوتووەتەوە.سەرباری ئەمەش ڕژێمی سەعودی و ھاوپەیمانەکانی ھەتا ئێستا نەیانتوانیوە لە بەر خۆڕاگریی جەماوەری یەمەن ئامانجەکانیان لەم وڵاتە مسۆگەر کەن کە بە دەستەڵات گەیاندنی دەستنیاکانی خۆیانە.

سەرپەیڤ