ئادار 26, 2019 21:47 Asia/Tehran
  • کۆڕەجێژنی «کرماشان پێتەختی نەورۆزی ئێران»

کۆڕەجێژنی «کرماشان پێتەختی نەورۆزی ئێران» لە سێھەمی خاکەلێوەی ئەمساڵەوە دەستی پێ کراوەو ھەتا دەھەمی ئەم مانگەش بەردەوام دەبێت.

بە ئامادە بوونی جێگری سەرۆک کۆمارو سەرۆکی ڕێکخراوەی کەلەپوورو گەشتکاری و پیشەدەستییەکانی وڵات کۆڕەجێژنی «کرماشان پێتەختی نەورۆزی ئێران» لە ڕۆژی سێھەمی خاکەلێوەوە لە ناوچەی کەونارایی تاقوەستانی کرماشان دەستی پێ کراوە.

ھوشەنگ بازوەند پارێزگاری کرماشان لە دەستپێکی ئاھەنگی کۆڕەجێژنەکەی «کرماشان پێتەختی دابە نیشتیمانییەکانی نەورۆزی ئێران» کە لە حاسەی فەرھەنگی و مێژوویی تاقوەستانی کرماشاندا بەڕێوەچوو، وێڕای ستایش کردنی بەڕێوەبەرانی کۆڕەجێژنەکە، ھیواداریی دەربڕی کە ئەم کۆڕەجێژنە بۆ جەماوەری پارێزگاکە شادی ھێنەر بێت و خەم و پەژارەی بوومەلەرزەکەی ئەم دواییەیان بڕەوێنێتەوە.

لە ئاھەنکی دەستپێکی کۆڕەجێژنەکەدا، گروپی دەف ژەنان ھونەری خۆیانیان نواندو ڕێ و ڕەسمی مەشغەڵ گەراندن و ھەڵکردنی ئاگری نەورۆز بەڕێوە چوو.

ئەم کۆڕەجێژنە بە شێوەیەکی ھاوبەش و لە قەواخی ھەشت لێژنەی پسپۆڕی دا خەریکە بەڕێوە دەچێت. ئەم لێژنانە لە چەند مانگ لەمەوبەرەوە کاری خۆیانیان دەست پێ کردووەو بەستێنیان بۆ ئەم کارە کلتووری و ڕۆشنبیرییە لە کرماشان دا ڕەخساندووە.

کرماشان ئەو شارەیە کە بەستێنێکی لەباری بۆ گەشتکاری ھەیەو لەو ھێماو کۆڵەکە سەرەکیانەی پەرە پێ دانی گەشنکاری لە ئێراندا دێتە ئەژمار، ھەر بۆیە کۆڕەجێژنەکەش لە سەر بنەڕەتی گەشتکاری داڕێژراوە.

تاقمە بەشدارەکانی ئەم کۆڕە جێژنە ھەر لە سێھەمی خاکەلێوەی ئەمساڵەوە و لە نەورۆزی ساڵی ٩٨ی کۆچیی ھەتاوی بەرنامەکانی خۆیانیان دەست پێکردووەو ھەتا دەھەمی خاکەلێوەش بەردەومی دەکەن. لەم ئاھەنگەدا ھەموو ڕۆژێک لە نێوان ١٢ ھەتا ١٥  بەرنامەی ھونەری لە سەیرانگەی کوێستان، سەیرانگەی ڕۆژھەڵاتی، حاسەی مێژوویی تاقوەستان، حاسەی مێژوویی بێستوون، سەیرانگەی ھەڵاڵە، سەیرانگەی ئیمامی عەلی(ع)، باخی گوڵەکان و پارکی شاھید پێشکەش دەکرێت.

گروپە بەشدارەکانی ئەم کۆڕەجێژنە کۆمەڵێک شانۆی ھاوپەیوەند بە چۆنیەتی ڕێ و ڕەسم و ئاھەنگی نەورۆز لە ناوچەکانی خۆیان و کلتوورو داب و نەریتی چوارگۆشەی ئێران ھەر لە ئازەربایجان و خۆراسان و خوزستانەوە بگرە ھەتا سیستان و بەلوچستان و بوشەھر و شاروناوچەکانی دیکەی ئێران پێشکەش دەکەن.

لە کۆتایی کۆڕەجێژنی «کرماشان پێتەختی نەورۆزی ئێران» بە دەنگی داوەران لە نێوان گروپەبەشدارەکانی کۆڕەجێژنەکە، سێ گروپی ھەڵکەوتە ستایش دەکرێن و ئەوانەی وا پلەی یەکەم ھەتا سێھەم مسۆگەر دەکەن بەڕیز گوژمەی ١٥ و ٢٠ و ٣٠ ملوێن تمەن خەڵاتیان دەدرێتێ و پلەی چوارەمیش بە دەنگی خەڵک ھەڵدەبژێردرێت و خەڵاتێکی دە ملوێن تمەنیی دەدرێتێ.

کۆڕەجێژنی «کرماشان پێتەختی نەورۆزی ئێران» لە سێھەمی خاکەلێوەوە لە ناوچەی مێژوویی و ڕۆشنبیریی تاقوەستان دەستی پێ کراوەو ھەتا دەھەمی ئەم مانگەش بەردەوام دەبێت.

سەرپەیڤ