تشرینی یه‌که‌م 08, 2019 09:05 Asia/Tehran
  • 8ی ئۆکتۆبەر، ڕۆژی جیهانیی منداڵان  پیرۆز بێت

پێغەمبەری خۆشەویستیشمان فەرموویەتی: " منداڵانتان خۆش بوێت و خۆشەویستیتان بەرامبەر بە منداڵەکانتان بنوێنن و هەر کاتیش وەعد و بەڵێنێکتان پێ دان، بەجێی بێنن، چوونکە ئەوان، ئێوە بە ڕۆزیدەری خۆیان دەزانن"

منداڵ، بەرەکەتی ژیانە و بە سەرمایەی داهاتووی کۆمەڵگاکان دێنە ئەژمار. ئەوان لە ئاراستەی گەشە ونەشەیان، پێداویستی و مافگەلێکی تایبەتیان هەیە کە دەبێ بە وردی ڕەچاو بکرێن. بە سەرەنجدان بە ڕۆڵی حاشا هەڵنەگری بنەماڵە لە پێناو گەشەی کەسایەتیی منداڵ، پتر لە هەموو شتێک بنەماڵە و دواتریش کۆمەڵگا دەبێ ئەو مافانە بە جوانی بناسن و پێبەندی بەڕێوەبردنیان بن. ڕۆژی جیهانی منداڵان بیانوویێکە بۆ تێگەیشتن لە جیهانی تایبەتی ئەوان. بۆ گەیشتن بەو جیهانە دەبێ ئاستی زانیاریەکانمان هەڵکشێین و لێیان زیاتر حاڵی بین.

لە ساڵی 1946 و لە پاش شەڕی جیهانی دووەم لە ئەورووپا، کۆگەی گشتی ڕێکخراوی نەتەوەکان بە مەبەستی پاڵپشتی لە زارۆکان، ڕێکخراوێکی بەناوی "یۆنیسف" دامەزراند کە بووە یەکەم ئەنجومەنی نێودەوڵەتی تایبەتی منداڵانی ڕێکخراوی نەتەوەکان. لە ساڵی 1953، یونیسف بووە یەکێک لە بەشە هەمیشەییەکانی ڕێکخراوی نەتەوەکان و ڕۆژی 8ی ئۆکتۆبەریشیان بە ناوی ڕۆژی جیهانی منداڵان دیاری کرد.ئەم ڕۆژە لە ئێراندا، هەموو ساڵێک لە 8ی نۆڤەمبەر و ڕێککەوتی 16ی ڕەزبەر بەڕێوە دەچێت و حەفتەیێکیشیان بە ناوی حەفتەی نیشتمانیی منداڵان ناودێر کردووە کە هەر بەم بۆنەوە، گەلێک پڕۆگرامی شادی فەرهەنگی و فێرکاری بۆ زارۆکان بەڕێوە دەچێت.

یەکێک لە ڕێگاکانی کەسایەتی بەخشین بە منداڵان، یاری کردنی دایک و باوکانە لەگەڵ ئەوان. ئەم بابەتە تۆسقاڵیک کاتی دایک و بابەکان دەگرێت بەڵام ئاسەوار و کاریگەریەکی یەکجار زۆری هەیە. یاری لەگەڵ منداڵان ئەتوانێ لە چەشنی دۆستایەتی کردن یاخود خوێندنەوەی شیعر بێت.

دەگێڕنەوە حەزرەتی زەهرا (س.خ) کاتێ ئیمام حەسەن (د.خ) منداڵ بوو یاری لەگەڵ دەکرد و شیعری بۆ دەخوێندەوە.

هەروەها لێکۆڵینەوە لە ژیانی پێغەمبەری نازداری ئیسلام (د.خ) پیشان دەدات کە بەڕێزی زۆرجاران یاری کردووە لەگەڵ منداڵان و بەتایبەت ئیمام حەسەن و ئیمام حسێن (د.خ).

یان گێڕاویانەتەوە کە پێغەمبەر ی ئیسلام (د.خ): "بە جاران ماچی منداڵانەکانتان بکەنەوە، چوونکە بە هەر جار ماچ کردنەوەیێک پلە و پایێکتان لە بەهەشتدا بۆ دیاری دەکرێت کە مەودای نێوان هەر پلەیێکی، 500 ساڵە".

 

سەرپەیڤ