شوبات 22, 2018 16:24 Asia/Tehran
  • کێشەی نێوان یەکێتیی نیشتیمانی و پارتی دیموکرات لە سەر پۆستی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی عێراق

ئەندامێکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان وێڕای ئاماژە کردن بە نیازی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق بۆ ڕێگرتن لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی عێراق، داوای هەوڵی پەرلەمانی کوردستانی کرد بۆ گەڕاندنەوەی دەستەڵاتی ئەم پۆستە و دیاری کردنی پاڵێوراوێک لە لایەن پارتەکەیەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی هەرێم.

بە پێی ڕاپۆرتی کورد پرێس، فەرید ئەسەسەرد لە وتووێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی سی ئێن ئێن وتی: پارتی حەز بە بەرپاکرانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ناکات و بەتەمایە ئەم پۆستە هەروا بە بەتاڵ و هەڵپەسێردراوی بمێنێتەوە.

ئەم ئەندامەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانی عێراق وتیشی: لەبەر کردارەکانی مەسعود بارزانی ، ئێستاکە پۆستی سەرۆکایەتیی هەرێم هیچ جۆرە دەستەڵاتێکی نییەو تەنانەت ئەگەر هەڵبژاردنێکیشی بۆ بکرێت، ئەم پۆستە هیچ دەستەڵات و کاریگەرییەکی نییەو وا هەڵدەگرێ کە پەرلەمانی کوردستان بەرلە بەرپا کرانی هەڵبژاردن بە شێوەی یاسایی دەستەڵاتەکانی پۆستی سەرۆکایەتیی هەرێم بگەڕێنێتەوە.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانی عێراق پێشتر وتبووی، هەڵبژاردنی پەرلەمانیی هەرێم لە مانگی سپتامبەری ئەمساڵە زایینییە بەرپا دەکرێت، بەڵام پێی داگرت کە هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی عێراق بەڕێوە ناچێت.