شوبات 23, 2018 19:33 Asia/Tehran
  • ‌کۆسرەت رەسوڵ و باڵیۆزی ئێران لە عیراق جەختیان لە سەر چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کردەوە

"کۆسرەت رەسوڵ عەلی" جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانیی کوردستانی عێراق و "ئیرەج مەسجدی "باڵیۆزی ئێران لە عیراق جەختیان لە سەر چارەسەری کێشەکانی هەولێر و بەغدا لەچوارچێوەی دەستووردا کردووە و پاڵپشتی و پشتیوانی خۆیشیان بۆ گفتوگۆی نێوان هەرێم و بەغدا دەربڕی.

بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی وێستگە نیوز ،سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لەشاری سلێمانی کۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پێشوازی لە ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی ئێران لەعیراق و وەفدی دیبلۆماتکاری هاوڕێی کرد.

بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە ، ‎لەدیدارەکەدا گفتوگۆیان کرد لەبارەی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عیراق و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە و ڕۆڵی کورد لە داهاتووی سیاسەتی عیراقدا، ‎هەر لەو دیدارەدا جێگری سکرتێری گشتی و باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لەعیراق جەختیان لەگرنگی یەکڕیزی ناوماڵی کورد و پاراستنی یەکڕیزی ناو ڕیزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و گرنگی ڕۆڵی یەکێتی لە هاوکێشەکانی عیراق و ناوچەکە کردەوە و هیوایان خواست هەموو لایەک هەوڵی جددی بۆ بدەن.

‎لەبەشێکی تری دیدارەکەدا و پەیوەست بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران، هەریەک لەجێگری سکرتێری گشتی و باڵیۆزی ئێران لەعیراق جەختیان لە پتەوکردنی پەیوەندییەکان و هەماهەنگی زیاتری هەردوولا کردەوە.

‎هاوکات هەر لەو کۆبوونەوەیەدا بەوردی گفتوگۆکرا لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداو جەخت لە چارەسەری کێشەکان لەچوارچێوەی دەستوور کرایەوەو هەردوولاش پاڵپشتی و پشتیوانی خۆیان بۆ گفتوگۆی نێوان هەرێم و بەغدا دەربڕی.