ئادار 16, 2018 07:30 Asia/Tehran
  • پێشوازیی ئێران لە ڕێککەوتنی ئەم دوایەی نێوان بەغداو هەولێر

باڵوێزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەبەغدا وتی: ئێران پێشوازی دەکا لە ڕێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان بەغداو هەولێر بۆ وێنە کرانەوەی فڕۆکەخانەکانی هەولێرو سلێمانی لەهەرێمی کوردستانی ئێراق .

بەپێی راپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، ئیرەج مەسجدی دوێنێ پێنج شەممە لەپەیامێکدا بەئاماژە بە وتووێژ و ڕێککەوتنی نێوان بەغداو هەولێر لەچەند حەوتەی ڕابردوو، وتی: کۆماری ئیسلامی هەردەم جەخت دەکا لەسەر پێویستیی و گرینگایەتی وتووێژ و دانوستان بۆ چارەسەریی کێشەو گرفت و ناکۆکییەکان.

باڵوێزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەبەغدا بەئاماژە بە پەیوەندیی شیاو و نزیکی تاران لەگەڵ هەموو باڵ و لایەنەکان، ئەتن و تایفە عێراقییەکان، وتی: ئێران داکۆکی دەکا لە هەرچەشنە هەوڵدانێک بۆ چارەسەریی ناکۆکییەکان لەڕێی ئاشتیانە ولەچوارچێوەی ئێراقێکی یەکپارچەو دەستووری ئەو وڵاتە.

مەسجدی ڕێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان دوو لایەن بۆ وێنە، دەس پێ کردنەوەی چالاکیی فڕۆکەخانەکان لە هەرێمی کوردستانی ئێراقی بەکاریگەر زانی لەسەر ئاسایی کردنەوەو بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان لەناوخۆ و دەرەوەی ئێراق و هیوای خواست، ڕێککەوتنە نوێکانی نێوان بەغداو هەولێر ، بوارخۆشکەر بێ بۆ باشتربوونی بارودۆخی ئابووری و سەرمایەنانەوە لەناوچە جۆربەجۆرەکانی ئەو وڵاتە.

حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئێراق رۆژی سێ شەممە وێڕای ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنی قەدەغەی گەشتە دەرەوەییەکان لەهەرێمی کوردستانی ئێراق پێی داگرت: لەمەودوا بەرپرسایەتی چاودێری و ئیدارەی کاروباری ئەو فڕۆکەخانانە لەئەستۆی وەزارەتی ناوخۆی ئێراق دەبێ.

پاش بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی جیابوونەوەی هەرێمی کوردستان لە ئێراق سەرباری نەیارەتییە ناوخۆیی و دەرەوەییەکان، پەرلەمانی ئێراق حکومەتی ئەو وڵاتەی ناچارکرد هەندێ کردە ڕەچاو بکات کە یەک لەو کردانە پێش گرتن بە ئەنجامگرتنی گەشتە نێودەوڵەتییەکان لە هەرێمی کوردستان بوو.

سەرپەیڤ