May 25, 2018 20:44 Asia/Tehran
  • دەزگای هەڵبژاردنی هاوپەیمانی و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە

دەزگای هەڵبژاردنی هاوپەیمانی و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو رایدەگەیەنن "ماوەی دوو رۆژە نوسینگەی کۆمسیۆنی پارێزگای سلێمانی لە رێگەی نوێنەرەکەیەوە وێنەی کارتی دەنگدانەکانی بە ئەلیکترۆنی و لەسەر هارد دیسک وەرگرتووە، بەڵام بە بیانووی جیاواز دەستی دەستی بە لایەنەکان دەکات".

بە گوێرەی راپۆرتی شارپرێس ، ئەمڕۆ هەینی دەزگای هەڵبژاردنی هاوپەیمانی و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردووەتەوە و ڕایگەیاندوە "دوابەدوای بڕیاری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، لەژێر فشاری لایەنە سیاسییەکان بە پێدانی وێنەی ئەلیکترۆنی کارتی دەنگدان بە لایەنە سیاسیەکان، بۆ دڵنیابوون و بەراوردکاری ئەنجامە راگەیەندراوەکانی کۆمسیۆن و کەشفکردنی تەزویرو ساختەکاری، ماوەی دوو رۆژە ئۆفیسی پارێزگای سلێمانی لەرێگای نێردراوەکەیەوە بۆ بەغداد، وێنەی کارتی دەنگدانەکانی بە ئەلکترۆنی و لەسەر هارد دیسک وەرگرتوە، بەڵام بە بیانووی جیاواز جیاواز و بە هۆکاری نادیار دەستی دەستی بە نوێنەری لایەنەکان دەکات".

دەزگای هەڵبژاردنی هاوپەیمانی و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو ئاماژەیان بەوەشداوە "ئەوەش ئەو راستیە دەخاتە بەردەم لایەنەکان کە هەوڵەکان لەپێناو نەگەیشتنی وێنەی ئەلیکترۆنی کارتی دەنگدان، بۆ دەستکاریکردنیانەو هەوڵێکی جدییە بۆ شاردنەوەی ساختەکارییەکان".

هاوپەیمانی و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو ئەوەشیان وتوە  "ئەو هەوڵانە لە چوارچێوەی پلان بۆ داڕێژراوی ساختەکردنی سەرجەم بەڵگەو دیکۆمێنتەکانی کۆمسیۆنە، کە تایبەتە بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هەروەها کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیش بە بەرپرسیار دەزانین لە بێدەنگ بوونیان لە ئاست پێشێلکارییەکان".

لقی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌کانی عیراقیش وه‌ڵامی راگه‌یه‌ندراوه‌که‌ی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی گۆڕان، کۆمه‌ڵ، هاوپه‌یمانی و یه‌کگرتووی دایه‌وه‌ و رایگه‌یاند، تا ئێستا نوێنه‌ری لقی سلێمانی کۆمسیۆن له‌ به‌غداوه‌ نه‌گه‌یشتووه‌نه‌ته‌وه‌ سلێمانی.

لقی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌کانی عیراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێکدا ده‌ڵێت: "دوێنێ پێنجشه‌ممه‌ 24ی ئایاری 2018، به‌ په‌له‌ نوێنه‌ری لقی سلێمانی بانگکراوه‌ بۆ نووسینگه‌ی نیشتمانی له‌ به‌غدا به‌مه‌به‌ستی وه‌رگرتنه‌وه‌ی کارته‌کانی ده‌نگدان که‌ خراوه‌ته‌ سه‌ر هاد دیسک، ئه‌مڕۆ هه‌ینی نوێنه‌ره‌که‌مان له‌ به‌غداوه‌ له‌ رێگه‌ی وشکانییه‌وه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ سلێمانی و له‌کاتی ده‌رکردنی به‌یاننامه‌ی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی چوار حزبه‌که‌، نوێنه‌ره‌که‌ له‌ رێگا بووه‌".