May 26, 2018 13:33 Asia/Tehran
  • هەوڵی چوارپارتی نارازیی کورد بۆ پێکهێنانی فراکسیۆنی هاوبەش لە پەرلەمانی عێراق

چوار پارتی هەرێمی کوردستانی عێراق کە ناڕەزایەتیان هەیە بەرامبەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی عێراق لە هەرێمی کوردستان، خەریکی لێکدانەوەی بژارەی پێکهێنانی فراکسیۆنی هاوبەشی یازدە کەسی لە پەرلەمانن.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس؛ چوار پارتی بزووتنەوەی گۆڕان، هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان کە ناڕەزایەتیان هەیە بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق لە هەرێمی کوردستان و پارتی دیموکرات و یەکێتی نیشتمانی تۆمەتبار دەکەن بە ساختەکاریی بەرفراوان لەو هەڵبژاردنانە، ئێستا بژارەی پێکهێنانی فراکسیۆنێکی هاوبەش بەئامادەبوونی یانزە نوێنەر لە پەرلەمانی عێراق تاووتوێ دەکەن.

مەحەممەد رەئوف لەئەندامانی لێژنەی دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی سیاسی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری لەوبارەوە بە ڕووداوی وت کە ئەو چوار پارتە لەئێستادا بۆ پێکهێنانی فراکسیۆنی هاوبەش هەوڵ دەدەن و هەروەها بەنیازن لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی کوردستانیش لەچوارچێوەی هاوپەیمانییەکی یەکگرتوو بەشدار بن.

ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەو پارتانە پێشتر ڕایانگەیاند کە لەکاردانەوە بەوەڵام نەدانەوە بەناڕەزایەتییەکانیان بە ئەنجامی هەڵبژاردن، پرۆسەی سیاسی عێراق بایکۆت دەکەن.

لەلایەکی دیکەوە یەکێتی نیشتمانی و پارتی دیموکراتیش جەختیان کرد لەسەر پێویستی پێکهێنانی لیژنەی هاوبەشی پارتە کوردستانییەکان لەبەغداو یەکگرتوویی و هەڵوێستی هاوبەشیان لەبەرامبەر لایەنە عێراقییەکان و مەلا بەختیار بەرپرسی کارگێڕیی مەکتەب سیاسیی یەکێتی نیشتمانیش ڕایگەیاند کە یەکێتی ئامادەیە لەگەڵ پارت ولایەنە ناڕازییەکان بەگوێرەی سەنەدو بەڵگە سەبارەت بە ناڕەزایەتی دەربڕینیان وتووێژ بکەن و ناکۆکییەکان لەڕێی یاساییەوە چارەسەر بکەن.

هەڵبژاردنەکانی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق ڕۆژی شەممە٢٢ی گوڵان بەڕێوە چوو.