تشرینی یه‌که‌م 18, 2018 08:37 Asia/Tehran
  • پێشنیاری پارتی بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک

پارتی دیموکراتی کوردستان پێشنیازێک لە بارەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک دەداتە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەوەی پارێزگار نە لەپارتی و نە لەیەکێتی بێت، بەڵکو هەردوولا لەسەر کەسێکی بێلایەن رێکبکەون.

بە پێی راپۆری کەناڵی سەحەری کوردی بە گێڕانەوە لە میدیاکانی هەریم ، کەمال کەرکووکی، بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووک-گەرمیانی پارتی رایگەیاند: "ئەمجارە پۆستی پارێزگار نابێ بۆ یەکێتی بێت، با کەسێک هەڵبژێرین ئێمە و یەکێتیش بتوانین سود لەئەزموونی ببینین و بۆ پێکهاتەکانی دیکەش باش بێت".

هاوکات "رەوەند مەلا مەحموود"، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی بۆ رووداو وتی، "پۆستی پارێزگار پشکی کوردە و لەنێو کوردیش پشکی یەکێتییە، بەڵام جارێ دیار نییە کێ دەبێت، ئێمە لەگەڵ عەرەب و تورکمان خەریکی دانوستانین بۆ پۆستی پارێزگار و پۆستەکانی دیکە، بەڵام جارێ نەگەیشتووینەتە رێککەوتن".

جێی ئاماژەیە یەکێتی پارێزگار بەمافی خۆی دەزانێت و ئامادەشنین گفتوگۆ لەسەر کەسی دیکە بکەن، کە بەپێی زانیارییەکان ناوی‌" ئاسۆ مامەند"یش وەک کاندیدی بەهێزی یەکێتی لەناو رێکخستنەکانی ئەو حیزبە بڵاوبووەتەوە،لە ئێستاشدا یەکێتی لەهەوڵی ئەوەدایە لەڕێگەی پڕۆژەیەکەوە لەگەڵ عەرەب و تورکمان رێژەی یاسایی دەنگی ئەنجوومەن بۆ دیاریکردنی دەسەڵاتێکی نوێی ئیداری  بەدەستبێنێت.

هەروەها  دانوستانەکانی نێوان یەکێتی لەگەڵ عەرەب و تورکمان لەسەر ئەو بنەمایەن پارێزگار لەیەکێتی و سەرۆکی ئەنجوومەن لەتورکمان و جێگری پارێزگار دەسەڵاتەکانی زیادبکرێن لەعەرەب بێت.

قایمقامی کەرکووک لەتورکمان بێت و لەبەرامبەردا قایمقامەکانی داقوق و دوبز بدرێنەوە بەکورد و هی حەویجەش بۆعەرەب، هەروەها پۆستی بەڕێوەبەری فەرمانگەکانیش بەرێژەی سەدا سی و دوو دابەش بکرێن.