تشرینی دووه‌م 16, 2018 22:01 Asia/Tehran
  • پارتی و یەکێتی بە نیازی دانوستانن بۆ پێکھێنانی کابینەی تازە

ھەردووک پارتە د ەستەڵاتدارەکەی ھەرێمی کوردستانی عێراق بە نیازی دانوستانن لە ئاراستەی دابەشکردنی پۆستەکانی حکومەتی تازەی ھەرێم لە نێوان خۆیاندا.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە ماڵپەڕی ئێن ئاڕ تی، سبەینێ شەممە گفتۆگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق دەست پێ دەکات و  خولێکی دیکەی  ڕێککەوتن لە سەر دابەشکردنی پۆستەکانی حکومەت و سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکەوێتە گەڕ.

بە گوێرەی ئەم ھەواڵە، ئەو شاندەی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق کە سبەینێ لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتیی نیشتیمانی دیدارو وتووێژ دەکات ھیچ بڕیارێکی بەدەستەوە نییە و تەنها بۆ گۆڕینەوەی بیروڕا و وەرگرتنی ڕای بەرپرسانی یەکێتی لەسەر کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم سەردانی ئەم لایەنە د ەکات.

وەک باسی دەکرێت لەو دانیشتانەی کە سبەینێ بەڕێوە دەچێت کۆمەڵێک لە بەرپرسانی باڵای بزوتنەوەی گۆڕانیش تیای دا بەشدارن و بڕیارە ئەوانیش بۆچوونی خۆیان لە سەر پێکھاتنی حکومەتی داھاتووی ھەرێم دەرببڕن.

بەپێی زانیارییەکان، پارتی بە شێوەیەکی مەبدەئی ڕازییە جێگری سەرۆک پەرلەمان و جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ ٤ وەزارەت بداتە یەکێتی نیشتیمانی کە تەنها وەزارەتی پێشمەرگەی تیادایە سیادی دەبێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە کە یەکێتی داوای وەزارەتی ناوخۆ دەکات و بژاردەی  دووھەمیشی داناوە واتە ئەگەر پارتی ڕازی نەبوو وەزارەتی ناوخۆ بداتە یەکێتی ئەوا داوای جێگری وەزیری ناوخۆ دەکات بەمەرجێک هەمان دەسەڵاتەکانی وەزیری هەبێت.

هەر بەپێی ئەم ھەواڵە، یەکێتی پرۆژە ڕێککەوتنێکی چوار ساڵەی لەگەڵ پارتی ئامادەکردووە کە بە مەرجی وەرگرتنی پۆستەکانی سەرۆکی پەرلەمان و جێگری سەرۆک وەزیران و دوو وەزارەتی سیادی، ئامادەی واژووکردنیەتی، بەڵام ئەگەر گۆڕان بەشداریی حکومەت بکات ئەوا پارتی پرۆژەکە پشتگوێ دەخات.

ئەمەو لەلایەکی دیکەوە گۆڕان لەسەر ئاستی باڵا خۆیان بۆ بەشداریکردن لە کابینەی نۆیەمی حکومەت یەکلاکردووەتەوە و ناڕەزاییە ناوخۆییەکانیان فەرامۆشکردووە و چاوەڕوانن بزانن پارتی چ پۆستێکیان دەداتێ تا بچنە حکومەتەوە. 

پارتی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان و یەکتر بینینە نافەرمییەکانی بە یەکێتی و چەند کەسێکی نزیکی گۆڕانیان ڕاگەیاندووە کە بە هیچ شێوەیەک داوای وەزارەتەکانی سامانە سروشتییەکان و ناوخۆ و پەیوەندییەکانی دەرەوە نەکەن.

هاوکات سەبارەت بە پۆستی وەزیری پێشمەرگەش جەعفەر شێخ مستەفا خۆی ئامادەکردووە تا جارێکی دیکە ئەو پۆستە وەربگرێت، پارتیش ڕەزامەندیی نیشانداوە، بەڵام پێدەچێت کۆسرەت ڕەسوڵ و قوباد تاڵەبانی بە توندی لە دژی پێدانی ئەو پۆستە بە جەعفەر شێخ مستەفا بوەستنەوە.