ئادار 11, 2019 16:18 Asia/Tehran
  • پێنج وەزارەتخانەی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان بەر یەکێتی نیشتمانی دەکەوێ

سەرچاوەیەکی سیاسی پێی داگرت، پێنج وەزارەتخانەی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان، پشکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستانە.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس، سەرچاوەیەکی سیاسی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە لە دیمانە لەگەڵ "مەوازین نیوز" دا ڕایگەیاند کە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە کۆتایی ئەم حەوتەدا دانیشتنێک بەڕێوەدەبەن بەمەبەستی دیاریکردنی چارەنووسی پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان و دابەشکرانی پۆستەکان.

ئەو سەرچاوەیە لەوبارەوە وتی: یەکێتی نیشتمانی لە حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان، پێنج وەزارەتخانە و پۆستی ڕاوێژکار و جێگری ژمارێک لە وەزارەتخانەکان و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی بەدەست دەبێ.

بەقسەی ئەو سەرچاوە سیاسییە کە ناوەکەی ئاشکرا نەبووە، وەزارەتی پێشمەرگە، خوێندنی باڵاو تەندروستی لەگەڵ دوو وەزارەتخانەی ڕاژەکاری، پشکی یەکێتی نیشتمانی لە حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان دەبێ.

ئەوە لەکاتێکدایە کە دوو پارتی سەرەکیی هەرێمی کوردستان حەوتەی ڕابردوو ڕێککەوتننامەیەکیان بەهاوبەشیی یەکێتی نیشتمانی لە کۆڕەکانی پەرلەمانی هەرێم، پۆستی وەزیری داد لە حکومەتی فدراڵی عێراق و هەروەها پۆستی پارێزگاری پارێزگای خاوەن نەوت و کێشەلەسەری کەرکووک لەباکوری ئەو وڵاتەیان مۆر کرد.