ئاب 28, 2019 21:43 Asia/Tehran
  • دیداری وەزیرى رۆشنبیرى ولاوانی هەرێمی کوردستان لە گەڵ سەرکونسوڵى کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەرێم

«موحەممەد حەمەسەعید»وەزیرى رۆشنبیرى و لاوانی هەرێمی کوردستان لە نوسینگەی تایبەتی خۆی، پێشوازیى لە «نەسروڵڵای رەشنودى» سەرکونسوڵى کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەرێمى کوردستان کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە ماڵپەڕی خەندانەوە، لەدیدارى نێوان «موحەممەد حەمەسەعید» وەزیرى رۆشنبیرى و لاوانی هەرێم  و «نەسروڵڵای رەشنودى» سەرکونسوڵى کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەرێمى کوردستان کە پێش نێوەرۆى ڕۆژی چوارشەممە بەرێوەچوو، سەرەتا «موحەممەد حەمەسەعید» باسی پەیوەندییە مێژوییەکانى نێوان گەلانى کوردو فارس بە دریژایی مێژووی کردو وتیشی: گەلى کوردو  گەلى فارس دوو نەتەوەى کۆنى رۆژهەڵاتن و خاوەن شارستانیەت و مێژویەکى کۆنن، بۆیە پەیوەندىی فەرهەنگى و کلتورىی هاوبەش کۆیان دەکاتەوە . 

وەزیری رۆشنبیری باسی رۆڵی ئێرانییەکانی کرد لەقۆناغی شۆڕش و خەباتدا و رایگەیاند: لەقۆناغی خەبات وشۆڕشى نوێی گەلەکەمان دژی حکومەتی بەعس, حکومەت و گەلى ئێران هاوکارو پاڵپشتى گەلەکەمان بوون لە ساتە ناخۆشەکاندا و ئێمەش دەمانەوێ لە کاتى حکومدارى دا ئاستى پەیوەندییەکانمان فراوان و بەهێزتر بکەین، بەتایبەت ئێمە وەک وەزارەتى رۆشنبیرى و لاوان مەبەستمانە لەگەڵ دام و دەزگا فەرهەنگی و کولتورییەکانى ئێران، پەیوەندى بەهێزو کارى هاوبەشمان هەبێ. 

ھەر لە دیدارەکەدا «نەسروڵڵای رەشنودى» سەرکونسوڵى کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەرێمى کوردستانیش سوپاسى وەزیرى رۆشنبیرىی کرد لە بەر بەخێرهاتنە گەرم و گوڕەکەی و هەروەها پیرۆزبایی دەستبەکاربوونى ئاراستەی وەزیرى رۆشنبیرى ولاوان کردو هیواشى خواست لەکابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێم دا ئاستى پەیوەندییەکانى نێوان حکومەتى هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران زیاتر پەرە بستێنێ و بەهێزو فراوانتر ببێت.

«نەسروڵڵای رەشنودى»  ئامادەیی خۆشى ڕاگەیاندا بۆ پێکھێنانی هەموو ئاسانکارییەک بەتایبەت لە بەبوارى فەرهەنگى و ڕۆشنبیرى و کولتورى وهونەری و ھەروەھا کردنەوەی (یانەی فەرهەنگی) لەهەرێمی کوردستان.

سەرکونسوڵى کۆماری ئیسلامیی ئێران داواشى کرد لە ڕێگای وەزارەتی ڕۆشنبیریی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هاوکاری بکرێت بۆکردنەوەى (یانەى فەرهەنگى) کەپەیوەستە بەڕۆشنبیرى و هونەرى و هاوکاریی خوێندکار لەناوەندەکانی خوێندن، بۆئەوەی  لە ئایندەدا بتوانن چالاکى هەمە جۆرو بەربڵاو ئەنجام بدەن و  ئەم ناوەندە ببێتە ناوەندێکى گەوەرەى هاوبەش لە نێوان هەردووک لا بۆ بەهێزکردن و فراوانکردنى پەیوەندییەکان و خزمەتکردن بە فەرهەنگ و ئەدەبى هەردووک نەتەوەى کورد و فارس.

سەرپەیڤ