تشرینی یه‌که‌م 11, 2019 14:44 Asia/Tehran
  • نێچیرڤان بارزانی خوازیاری ڕاگیرانی شاڵاوەکانی تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژھەڵاتی سووریا بوو

سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی عێراق لە پەیامێکدا لە بارەی ھێرشی تورکیا بۆ سەر باکوورو ڕۆژھەڵاتی سووریا، باسی ھەوڵدانی خۆی کرد بۆ ڕاگرتنی ئەم شەڕەو لە سەر پەرۆش بوونی سەبارەت بە بەشداریی تاقمە توندئاژۆکانیش لەو ئۆپراسیۆنەدا پێی داگرت.

بە پێی ڕاپۆرتی کوردپرێس، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی عێراق بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک وێڕای ئاماژە کردن بە ھەوڵەکانی لە ئاراستەی کۆتایی ھێنان بە شەڕی نێوان تورکیاو شەڕڤانانی سووریا، ئامادە بوونی خۆی بۆ ھەرچەشنە نێوەندگرییەک لە نێوان ھەردووک لایەنی تێکھەڵچوو ڕاگەیاند.

ناوبراو داوای لە کۆمەڵگای جیھانی و ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوەکان کرد کە ڕۆڵی خۆیان بۆ ڕاگرتنی شەڕو تێکھەڵچوون وەدی ھێنانی ئاشتی بەباشی بگێڕن.

سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی عێراق لە کۆتایی بەیاننامەکەی دا پێی لە سەر ئەوە داگرتووە کە، شەڕو تێکھەڵچوون بەس دەبێتە ھۆی ئاڵۆزتر بوونی دۆخەکەو ھەل و مەرجێک بەدی دێنێ کە دەستکەوتەکانی لەنێوبردنی داعش لە بار دەبات و دیارە ئەمەش بە قازانجی کەس نییە. ھەر بۆیە داوا لە کۆمەڵگای جیھانی و ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوەکان دەکەین کە ڕێگاچارەیەکی دادگەرانە بۆ داھاتووی سووریا بدۆزێتەوە، ڕێگاچارەیەک کە ھەموو چین و توێژەکان لە بەرچاو بگرێت و بە شێوەیەکی بەبڕشتانە ڕۆڵی خۆی لە ئاراستەی ڕاگرتنی شەڕو گەڕاندنەوەی سەقام و پاراستنی ئاشتی و دەست پێ بوونی دیالۆگ لە پێناوی دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەکی سیاسی بگێڕێت و ڕێگر بێ لە ھەڵوەدا بوونی خەڵکی سڤیل.