نیسان 02, 2020 16:20 Asia/Tehran
  • 
ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم بڕیاریدا دەستکارى مووچەى فەرمانبەران نەکات

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەشداربوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت کۆبووەوە.

بەپێیى راگەیەنراوی حکومەتى هەرێم، لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا راپۆرتێک دەربارەی بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان و لێکەوتە ئابوورییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا و هەوڵەکانی ڕێکخستنەوەی داهات و خەرجییەکان لە هەرێمی کوردستان لە لایەن وەزیری دارایی و ئابووری و سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران پێشکەشکرا. 

سەرۆکی حکومەت ئاماژەى بەوەشکردوە، سەڕەڕای کەمبوونەوەی رێژەیەکی زۆری داهاتەکانی هەرێمی کوردستان بەڵام حکومەت هەموو هەوڵی خۆی دەدات بۆ ئەوەی کەمترین زیان بە هاووڵاتییان بگات. گوتیشی کاری  ئێستای حکومەتی هەرێم پاراستنی تەندروستی هاووڵاتییان و دابینکردنی خۆراک و دەرمان و مووچەیە . 

هەروەها سەرۆکی حکومەت روونیشیکردەوە، کە هەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات و گرنگیدان بە سەرجەم کەرتەکانی ئابووری بەتایبەتی کشتوکاڵ، بەشێکی گرنگی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە. بۆیە ئێستاش  زیاتر جەخت لە گرنگیدان بە  کەرتی کشتوکاڵ دەکەینەوە و  لەمبارەیەوە پشتیوانیی لە هەوڵەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دەکەین. 

ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ بڕیاریدا کە بەرنامەی ئەنجومەنی وەزیران دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی حکومەت و دەستکاری نەکردنیەتی، هەروەها ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریاندا نیوەی مووچە و دەرماڵەی دوومانگی خۆیان ببەخشن بە گەنجینەی حکومەت بۆ ئەوەی بە سەر خەڵکانی کەمدەرامەت دابەش بکرێت .