ئه‌یلوول 06, 2020 15:33 Asia/Tehran
  • سەفین دزەیی: ئاماده بوونی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان دەبێ کۆتایی پێبێت

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: ئامادەبوونی ئەو هێزانە ی پەکەکە پێویستە کۆتایی پێبێت.

 

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی درەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەرێمی کوردستان پێگەی سیاسیی تایبەتی خۆی هەیە و دەتوانێت‌ لەکۆی هاوکێشەکاندا یاریکەر بێت.

لەبارەی گرنگیی کۆبونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو دیدارانە بایەخی خۆیان هەیە و هەرێمی کوردستانیش بەهۆی پێگە سیاسییەکەیەوە دەتوانێ لە کۆی هاوکێشەکاندا یاریکەربێت.

وتیشی: دیارە ناوچەکە گۆڕانکاری بە خۆیەوە دەبینێت، عێراقیش بە بارودۆخێکی ناهەمواردا تێدەپەڕێت و قەیرانی سیاسی، ئابووری و ئەمنیی هەیە، بۆیە ئەمریکا و هاوپەیمانان و فەرەنسا بەتایبەتی هەوڵدەدەن ئەو هاوکێشەیە رابگرن و رۆڵی هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان وەکو پێشوو گرنگیی پێبدرێت".

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی درەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا، "لە رابردووشدا هەرێمی کوردستان رۆڵێکی بەرچاوی لە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا هەبووە. سەرەڕای لەخۆگرتنی زیاتر لە 2 ملیۆن ئاوارە و شەڕی قورسی داعش کە کەوتبووە سەر ئەستۆی پێشمەرگە، ئەوانە هەموو کاریگەریی خۆیان هەبووە لەوەی پێگەی هەرێمی کوردستان وەکو جاران بەهێزبێت، هەروەها لە رووی ئابووریشەوە شوێنێکە جێی بایەخی وڵاتانە".

سەبارەت بە لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان سەفین دزەیی وتی، "نیگەرانین بەو رووداوانە و لە رێگەی کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەولێر و لێرەش لە کۆبوونەوەکان باسکراوە. بوونی هێزی پەکەکە لەو ناوچانە بووەتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ ئەو لەشکرکێشیە کە بووەتە مایەی ماڵوێرانی بۆ خەڵکی سڤیلی هەرێمی کوردستان. هەمیشە پێمانوابووە کە ئامادەبوونی ئەو هێزانە پێویستە کۆتایی پێبێت، ئەوانیش دەبێت رێز لە هەرێمی کوردستان و دەسکەوتەکانی بگرن".

سەرپەیڤ