ئه‌یلوول 20, 2020 22:00 Asia/Tehran
  • فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردوومانی چەند ناوچەیەکی ئامێدی یان کرد

فڕۆکەکانی تورکیا ئەمڕۆ یەکشەممە 20ی ئەیلول، چەندین گوندی قەزای ئامێدیان بۆردوومان کردووە، زیانیان بە زەوییە کشتوکاڵییەکانی ناوچەکە گەیاندووە و تا ئێستاش دووکەڵی بۆردوومانەکان بەردەوامە.

سامی ئوشانە، بەرێوبەری ناحیەی دێرەلوک سەربە قەزای ئامێدی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕایگەیاند، ئەمڕۆ نزیک کاتژمێر 12ی نیوەڕۆ، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بوردوومانی گوندی ڕەشاڤە و گەلی سەرگەلێ-یان لە سنوری ناحیەکە کردووە.

بەڕێوبەری ناحیەی دێرەلوک ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ناوچانە دوورن لە شوێنی نیشتەجێبوون و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، بەڵام زیانی بە ڕەز و باخ و دارستانی ناوچەکە گەیاندووە.پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا ڕایگەیاند، بۆ جاریی دووەم لەمڕۆدا کاتژمێر 5:30 ئێوارە، دوو فڕۆکەی جەنگیی سوپای تورکیا، بە چڕی بوردوومانی چیای بێ سمتەیان کردووە لە زنجیرە چیاکانی گارە لە بەرامبەر گوندی گیزێ کە لە سنوری قەزای ئامێدییە، تا بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵەش دووکەڵی ئەو بۆردوومانانە لەو چیایە بەرزدەبێتەوە .

وێڕای ئەوەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا ڕایگەیاند، ئۆپراسیۆنەکانیان لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان کۆتایی پێهێناوە، بەڵام بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەو وڵاتە بۆ ناوچە سنورییەکان هەرێم بەردەوامییان هەیە.

سەرپەیڤ