ته‌مووز 19, 2021 10:19 Asia/Tehran
  • پەیامی رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی بە بۆنەی کۆنگرەی مەزنی حەجج

حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ، بە بۆنەی کۆنگرەی مەزنی حەججی ئەمساڵ ، پەیامێکی گرنگی بڵاوکردەوە کە دەقی پەیامەکە بەمجۆرەیە .

برایان و خوشکانی موسوڵمان لە سەرانسەری جیهان !

ئەمساڵیش ئۆمەتی ئیسلامیی لە نیعمەتی مەزنی حەج بێبەش مان و دڵانی تاسەبار بە ئاخ و ئەفسووس ، میوانداریی لە ماڵێکی رێزداریان لەدەستدا کە خوای حەکیم و رەحیم بۆ خەڵکی دانابوو . ئەوە دوهەمین ساڵە کە وەرزی شادمانی و کرانەوەی مەعنەویی حەج ، دەبێت بە وەرزی فیراق و حەسرەت و بەڵای پەتای دونیاگر، رەنگە بەڵای سیاسەتی هەڵەی زاڵ بەسەر حەرەمی شەریف ، چاوی تاسەباری باوەڕداران لە بینینی هێمای یەکیەتی و مەزنایەتی مەعنەویەتی ئۆمەتی ئیسلامیی بێبەش دەکات و ئەم لوتکەی شکۆمەند و سەرفراز بە هەور و تەم دادەپۆشێ .

پەیامی رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی بە بۆنەی کۆنگرەی مەزنی حەجج

ئەوە تاقیکردنەوەیەکی وەکوو تاقیکردنەوەکانی دیکەی زووتێپەڕی مێژووی ئۆمەتی ئیسلامیە کە دەتوانێ دواڕۆژێکی رووناکی بەدواوەبێت ، گرنگ ئەوەیە کە حەج لە بیچمی راستەقینەی دا ، لە دڵ و ژیانی یەک بە یەکی موسوڵمانان دا زیندوو بمێنێ و ئێستا کە رواڵەتیی رێوڕەسمەکەی بە شێوەی کاتیی نیە ، پەیامە بەرزەکەی کاڵ نەبێتەوە .  حەج ، عیبادەتێکی پڕ لە نهێنی و رازە . داڕشت و پێکهاتەی جوانی جوڵە و وەستانی تیایدا ، بنیانتەری شوناسی تاکی موسوڵمان وکۆمەڵگای موسڵمان و نیشاندەری جوانیەکان لەبەر چاوی جیهانیانە .

 لە لایەکی دیکەوە  عروجی مەعنەوی دەبەخشێ بە دڵی بەندەکان بە زیکرو خشوع و پاڕانەوە ، لە خوا نزیکی دەکاتەوە و لە لایەکی دیکەوە بە جلکی یەکسان و جوڵەی رێک و هاواهەنگ ، برایان کە لە چوار سوچی جیهانەوە کۆبوونەتەوە ، بە یەک دەبەستێتەوە و لە لایەکی دیکەش باڵاترین هێمای ئۆمەتی ئیسلامیی بە تێکڕای ڕێوڕەسم و نەریتە پڕ مانا و پڕنهێنیەکانی دەخاتە بەر چاوی خەڵکی جیهان و ویست و مەزنایەتی ئۆمەت بە ناحەزان نیشان ئەدات .

ئەمساڵ ، حەججی بەیتی موعەزەم مومکین نیە بەڵام سەرنجدان بە کردگاری بەیت و زیکر و خشوع و پاڕانەوە و داوای لێبورن هەیە . ئامادەبوون لە عەرەفات مومکین نیە بەڵام دوعا و موناجاتی مەعریفەتزا لەرۆژی عەرەفەدا هەیە ، رەجمی شەیتان لە مینا ناکرێت بەڵام بەرپەرچدانەوە و رەتاندنی شەیتانە دسەەڵاتخوازەکان لە هەموو جێیەک مەیسەرە ، ئامادەبوونی یەکپارچەی جەستەکان بەدەوری کابەدا نیە بەڵام ئامادەبوونی یەکپارچەی دڵان لە دەوری ئایاتی روونی قورئانی پیرۆز و ئیعتسام بە حەبلوڵڵا ئەرکی هەمیشەییە .

ئێمە شوێنکەوتوانی ئیسلام کە ئەمڕۆ خاوەنی وڵاتی پان و بەرین ، سامانی سروشتیی بێ سنوور ، و گەلانی زیندوو و بێدارین ، دەبێ بە دارایی و مومکینەکانی خۆمان ، دواڕوژ تۆمار بکەین . گەلانی موسوڵمان لە 150 ساڵی رابردوودا رۆڵێکیان لە چارەنووسی وڵاتان و حکومەتەکانی خویان دا نەبووە و چەند حەڵەتی دەگمەنی لێدەرچێ، یەکسەر بە سیاسەتی حکومەتە دەستدرێژکارە رۆژاواییەکان بەڕێوەبەرایەتی کراوە و تووشی چاوچنۆکی و دەسوەردان و شەڕاشۆیی ئەوان بووونە .

گەلانی ئێمە ، لاوانی ئێمە ، زانستوەرانی ئێمە ، زانایانی دینی و بیرمەندانی مەدەنیی ئێمە ، سیاسەتوانان و پارت و کۆڕ و کۆمەڵەکانی ئێمە ، ئەمڕۆ دەبێ ئەو رابردووە بێ شانازی و پڕ شوورەییە قەرەبوو بکەنەوە ، دەبێ راوەستن و لە بەرامبەر زۆرداری و دەسوەردان و شەڕاشۆیی دسەڵاتە رۆژاواییەکان خۆڕاگری بکەن 

هەموو قسەی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە دونیای زۆرداریی نیگەران و تووڕە کردووە ، بانگێشتن بۆ ئەم بەرخودانەیە : بەرخودان لە هەمبەر دەسوەردان و شەڕاشۆیی ئەمریکا و دەسەڵاتە دەستدرێژەکانی دیکە و بەدەستەوەگرتنی دواڕۆژی دونیای ئیسلام بە پشت بەستن بە مەعارفی ئیسلامیی .

دیارە ئەمریکا و هاوڕێکانی لەبەرامبەر وشەی خوڕاگری تووشی هەستیارین و روویان کردووەتە چەندین جۆر دوژمنی لە گەڵ بەرەی خۆڕاگریی ئیسلامیی . هاوڕێیی هەندێ حکومەتی ناوچەکەش لە گەڵ ئەوان راستیەکی تاڵە لە پێناو بەردەوامبوونی ئەوشەڕاشوییانە .

راستە رێیەک کە ڕێوڕەسمی حەجج ، سەعی و تەواف و عەرەفات و جەمەرات و دروشمەکان و شکۆمەندی و یەکڕیزی حەج پێمان دەڵێ ، پشت بەستن بە خوا و لاکردنەوە لە دەسەڵات و هێزی بێ سنووری ئیلاهی و متمانە بەخۆیی نیشتمانیی و باوەڕ بە هەوڵ و تێکۆشان و ویستی لێبڕاوانە بۆ هەنگاونان و هیواداری بە سەرکەوتنە .

Image Caption

راستیەکانی سەر گۆڕەپان لە ناوچەی ئیسلامیی ئەم هیواداریە زیاتر دەکات و ئەو لێبڕاویە بەهێز دەکات . لە لایەکەوە کوێرەوەریەکانی جیهانی ئیسلام ، دواکەوتووی زانستی و گرێدراوی و چاولەدەستیی سیاسی و بێسەرەوبەرەیی ئابووری و کۆمەڵایەتی ، ئێمە دەخاتە بەردەم ئەرکێکی گەورە و تێکۆشانێکی ماندوویی نەناسانە ، فەلەستینی داگیرکراوی ئێمە ، داوای بەهاناوەچوونمان لێدەکات ، یەمەنی ستەملێکراو و خوێناوی دڵان دێنێتە ژان ، کێشە و کوێرەوەریەکانی ئەفغانستان هەموومان بەپەرۆش دەکات ، رووداوە تاڵەکان لە عێراق و سوریا و لوبنان و هەندێ وڵاتی موسوڵمانی دیکە کە دەستی شەڕاشۆیی و دەسوەردانی ئەمریکا و یاوەرانی تێیدا دیارە ، غیرەت و هیممەتی لاوان هەڵدەخڕێنێ و لە لایەکی دیکەوە ، سەرهەڵدانی ئەندامانی بەرخودان لە تێکڕای ئەم مەڵبەندە هەستیارە و بەخەبەرهاتنی گەلان  و رابوونی نەوەی گەنج و خورت ، دڵان تژی لە هیوا دەکات ، فەلەستین لە هەموو بەشەکانی خۆی دا شمشێری قودس لە کالان دەردێنێ ، قودس و غەززە و کەرت و ناوچەکانی 48 و ئۆردوگاکان تێکڕا ڕادەبن و لە ماوەی دوازدە رۆژ لمبۆزی دەستدرێژکار لە خاک دەگەوزێنن ، یەمەنی گەمارۆدراو و تەنیا ، حەوت ساڵ لە ژێر شەڕ و تاوانکاری و مەزڵووم کوژیی دوژمنی شەڕانی و دڵڕەقدایە و سەرباری قاتیی خۆراک و دەرمان و دەرەتانی ژیان ، ملکەچی زۆرداران نابێ و ئەوان بە هێز و داهێنانی خۆی وڕ و گێژ دەکات ، لە عێراق ، ئەندامانی خۆڕاگری بە زمانی پاراو و راشکاوانە ، ئەمریکای داگیرکەر و داعشی دەسنیای ناچار بە پاشەکشە دەکەن و ویستی خۆیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر چەشنە دەسوەردان و شەڕاشۆییەک لە لایەن ئەمریکا و هاوڕێکانی بە ڕوونی و خۆیانی دەردەبڕن .

هەوڵی پڕۆپاگەندەیی ئەمریکیەکان بۆ بەلارێدابردنی ویست و خواست و کرداری لاوانی عەگید و پیاوانی خوڕاگری لە عێراق و سوریا و لوبنان و وڵاتانی دیکە و بەستنەوەی بە ئێران یان هەر شوێنێکی دیکە ، بێڕێزی کردن بەو لاوە ئازا و بێدارانە و نیشانەی نەبوونی تێگەیشتنی دروستی ئەمریکیەکان لە گەلانی ئەم ناوچەیە .

هەر ئەم تێگەیشتنە نادروست و چەوتە وایکرد ئەمریکا لە ئەفغانستان رووشکێن بکرێت و دوای ئەو هاتنە پڕ هەرایە لە بیست ساڵی پێشوودا و دوای ئەوە دەکارهێنانی چەک و بۆمب و ئاگر لە بەرامبەر گەلی بێتاوان و مەدەنی، خوی لە زەلێک دا هەست پێدەکات و هێز و ئامێری لەشکەریی خۆی لێ دەباتەدەرەوە .  هەڵبەت گەلی بەخەبەری ئەفغان دەبێ وریای ئامرازەکانی هەواڵگریی و چەکە نەرمەکانی ئەمریکا لە وڵاتەکەی دابێت ووشیارانە لە هەمبەریدا راوەستێ .

 گەلانی ناوچەکە نیشانیانداوە بێدار و وشیارن و رێگا و شێوازی ئەوان جودایە لە هەندێ لە حکومەتەکان کە بۆ رازی راگرتنی ئەمریکا تەنانەت مل دەنێنە ویستی ئەو وڵاتە لە دۆزی هەستیار و گرنگی فەلەستین . ئەو حکومەتانەی کە لە گەڵ رژێمی داگیرکەری زایۆنی ، بە ئاشکرا و نهێنی پلانی دۆستایەتی دادەڕێژن، یانی  نکۆڵی دەکەن لە مافی گەلی فەلەستین لە نیشتمانی مێژوویی خۆی دا . ئەوە ، دزینی سەرمایەی فەلەستینیەکانە . ئەوان بە تاڵانکردنی سەرمایە سروشتیەکانی وڵانانی خۆیان نەوەستان وئێستا خەریکن سەرمایەی گەلی فەلەستین بە تاڵان دەبەن .

برایان و خوشکان !

ناوچەی ئێمە و رووداوە خێرا و جیاجیاکانی ،  نوێنگەی وانە و پەندە ، لە لایەک هێز و دەسەڵاتی سەرچاوەگرتوو لە تێکۆشان و خۆڕاگریی لە بەرامبەر زۆرداریی دەستدرێژکار و، لە لایەکی دیکە سەرچاوەگرتوو لە تەسلیم و دەربڕینی لاوازی و تەحەمولی داسەپاندنی ئەو .

بەڵێنی راستی ئیلاهی ، سەرکەوتنی موجاهیدانی رێگای خودایە ،ان تنصروا الله ینصرکم و یثبت اقدامکم . یەکەم کارتێکەریی ئەم تێکوشانە ، گێڕانەوەی ئەمریکا و زۆردارانی دیکەی نیودەوڵەتی لە دەسوەردان و شەڕانی گەری لە وڵاتانی ئیسلامیە ، ئینشاڵڵا .

لە خوای تەعالا سەرکەوتنی گەلانی موسوڵمان داوا دەکەم و دروود دەنێرم بۆ حەزرەتی بەقیەتوڵڵا ( رواحنا لە فدا) و بەرزبوونەوەی پلە و دەرەجەی ئیمام خومەینی مەزن و شەهیدانی بەڕێز لە خوا داواکارم .

 

سەرپەیڤ