ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و بەرھەم ساڵح ئاشکرا دەکرێت
دوای کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە ئاشکرا کرا.
بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە یەکێک بوو لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکە بە رۆژنامەنووسانی گوت: "لە کۆبوونەوەی سەرۆکی ھەرێم و سەرۆک کۆمار باس لە ھەموار کردنەوەی دەستووری عێراق کرا. ئەوە خرایەڕوو کە ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ھەموار کردنەوەی دەستوورە بە جۆرێک باشتربێت لەوەی کە ئێستا ھەیە و خزمەتی زیاتری گەلانی عێراق بکات".
ھەروەھا ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "بەگشتی گفتوگۆ لەبارەی دوو تەوەر بوون، کە بریتی بوون لە ھەموار کردنەوەی دەستووری عێراق و خۆپیشاندانەکانی ئێستای عێراق".
گوتیشی: "تەوەرێکی دیکە کە قسەی لەبارەوە کرا، ھاوپەیمانی کوردستانی بوو، کە گرنگە فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق ھاودەنگ و ھاوھەڵوێست بن، بەتایبەتی لەسەر ھەموارکردنەوەی دەستوور".