ئیمام ڕەزا(ع) لەبەرچی کۆچی کرد بۆ ئێران؟
ساڵڕۆژی شەهید بوونی ئیمام ڕەزا(ع) لە هەموو موسڵمانان و ڕێڕەوانی ڕێگای حەق و ڕاستی سەرەخۆشی دەکەین.
بە شەهید بوونی ئیمام موسا کازم (ع) ، سیاسەتی دژەعەلەویی عەباسییەکان بەرەوڕووی شکست بوویەوە. خەڵک زیاتر لە ڕابردوو هۆگرییان پەیدا کرد بە بنەماڵەی پاکی پێغەمەر (د.خ) و ئەم هۆگرییە تەنانەت دزەی کردە نێو بنەماڵەی خەلیفەکان و هەرەها کاربەدەستانی دام و دەزگەی خەلافەتی عەباسییەکان.
عەباسییەکان لە ماوەی ١٥ ساڵی سەرەتایی ئیمامەتی ئیمام ڕەزا(ع) یان لە عەلەوییەکان دەترسان و یان مژووڵی کێشە و ناکۆکیی نێوان دوو برا واتە ئەمین و مەئمون بوون. لە ئاکامدا ، پێنج ڕۆژ پێش کۆتایی هاتنی موحەرەمی ساڵی ١٩٨ کۆچی، ئەمین لە سەر خەلافەت لابرا و کوژرا.
مەئموون بە تیابردنی ئەمینی برای بوو بە خەلیفە. بەڵام دواتر یەک مەسەلەی سەرەکیی بۆ دەرکەوت و ئەویش ئەوە بوو کە خەڵکی ئێران لە کردەوە و ئاکاری باوکی "هاروون" و زوڵم و زۆرەکانی حاکمانی دەسنیای بەتایبەت بەرامبەر بە شیعەکان ناڕەزایەتیی قووڵی بەدی هێناوە. لە لایەکی دیکەوە خەڵکی بەرامبەر بە ماڵباتی حەزرەتی عەلی هۆگرییەکی تایبەتیان هەبوو ، کە ئەوە تەواو مەئموونی تۆقاند. هەر بۆیە دەستی کرد بە راوێژ و مشوور لەگەڵ "فەزڵ بن سەهل" وەزیری خۆی کە پیاوێکی سیاسەتوانان و زیرەک بوو. پاشان فەزڵ بن سەهل پێشناری دا بە مەئموون کە ئیمام ڕەزا (ع)ی بانگهێشت کات بۆ خۆراسان تا لەم ڕێگاوە پێش بە سەرهەڵدانی خەڵک بگرێ. مەئموون لەگەڵ ئەوەی چەندین نامەی نارد بۆ ئیمام ڕەزا(ع) و داوای لێ کرد هاوڕێ لەگەڵ گەورەپیاوانی عەلەوی سەردانی خۆراسان بکات و لەبەر ئەوەی بەرەوڕووی نەیارەتیی ئیمام ڕەزا(ع) بوویەوە، پەیکێکی بەڕێ کرد بۆ مەدینە بۆ ئەوەی ئیمام لە مەدینەوە بگوازێتەوە بۆ خۆراسان.

کۆچی ئیمام ڕەزا(ع) کۆچێکی سیاسیی بەزۆرەملی بوو کە ساڵی ٢٠٠ی کۆچی بە فەرمانی خەلیفەی ئەو سەردەمە ئەنجام درا.
شەهید بوونی ئیمام ڕەزا(ع) :
سەرەلەباینی ٣٠ی سەفەری ساڵی ٢٠٣ی کۆچی ئیمام ڕەزا(ع) لە تەمەنی ٥٥ ساڵیدا بە دەستی مەئموونی مەلعوون شەهید کرا. بە قودرەت و ئیرادەی ئیلاهی ئیمام جەواد (ع) کوڕی ئیمام ڕەزا(ع) و ئیمامی دوای ئەو ، بەدوور لە چاوی دوژمنان تەرمی پاک و پیرۆزی باوکی غوسڵ دا و نوێژی لە سەر خوێند و ئەو تەرمە پاکە لە لایەن ژمارێک لە هۆگرانی ئەو حەزرەتە بەڕێ کرا و لە مەشهەد ئەسپەردەی خاک کرا و ئێستا ئەوا سەدان ساڵە کە بارەگای ئەو ئیمامە مەزنە جێی فەخر و شانازییە بۆ هەموو ئێرانییەکان.