May 07, 2017 14:06 Asia/Tehran
  • بەردەوامیی ئامادە بوونی پاڵێوراوانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمارەتیی ئێران لە مەیدانی هەڵبژاردنەکان دا

شەش پاڵێوراوی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمارەتیی ئێران لە بەرنامەی جۆربەجۆری بانگەوازەکانیاندا، بڕێک لە گرینگترین بەرنامەکانی خۆیانیان بۆ چارەسەر کردنی گرفتەکانی ئێستای وڵات ڕاگەیاند.

حەسەن ڕۆحانی پاڵێوراوی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەتیی ئێران شەوی یەکشەممە لە کۆبوونەوەی مامۆستایان و بەرهەمهێنان و ئابووریی زانست بنەما لە تاران دا وێڕای  پێ داگرتن لە سەر ئەمەی کە بۆشایی نێوان جەماوەر دەبێتە  کەلەبەرێک بۆ پێ دزەی دوژمن، وتی: ئاڵای ئیسلام و ئێران دەبێ ئاڵای  ئەرخەیانی بێت بۆ تەواوی هۆزەکان و ئایینزاکان و، دەستەڵات و کلتووری ئێران بۆ هاوژینیی ئاشتی خوازانە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیهانە. ڕۆحانی هەروەها ڕێگای گەشەی ئێرانی بەستەوە بۆ دەست گرتن بە سەر بازاڕەکانی ناوچەکەو جیهاندا.

موحەممەد باقری قالیباف یەکێکی دیکە لەو شەش پاڵێوراوەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەتیی ئێرانیش ڕۆژی شەممە لە وتووێژێکدا لەگەڵ پەیامنێرانی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران، ڕەچاو کردنی ڕاژەکاریی تایبەتیی موچەو مافی خانەنشین کراوانی وەک بەرنامەیەکی دیکەی داهاتووی خۆی ڕاگەیاندو وتی: خانەنشین کراوان ئاوێنەی باڵاڕوونی داهاتووی تەواوی ئەو کەسانەن کە ئەمڕۆ خەریکی خزمەت کردنن و بۆ نەهێشتنی پەرۆشییەکانی ئەم چینەی کۆمەڵگا بەرنامەی داڕشتووە.

ئیسحاق جەهانگیری پاڵێوراوێکی دیکەی دوانزەهەمین هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەتیی ئێرانیش لە بەرنامەی بانگەوازی هەڵبژاردنەکەی خۆی دا کەناڵی خەبەری ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران وێڕای ئاماژەکردن بۆ دروشمی ( سەربەخۆیی، ئازادی و کۆماری ئیسلامی) وەکوو گرینگترین ئارمانجەکانی شۆڕشی ئیسلامی پێی داگرت: شۆڕشگێڕی بە واتای بەرەڤانی کردن لە سەربەخۆیی ئێران و بەرز کردنەوەی ئاستی دەستەڵاتی ئابوورییە.

موستەفا هاشمی تەبا لە پاڵێوراوانی دیکەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمارەتیی ئێرانیش ڕۆژی شەممە لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران، ئابووریی خۆڕاگرانەی بە سیاسەتێک بۆ بەڕێوەبەرایەتی کردنی ئابووریی ئێران ناساندو وتیشی: جیا لە پرسی ئابووریی خۆڕاگرانە دەبێ سەرنجی پێویستیش بە کێشەی سەرزەوین و ژینگە بدرێت و هاوتەریب چاکسازییەک لە کشت و کاڵیش دا بگرێت.

موستەفا ئاقامیرسەلیم پاڵێوراوەکەی دیکەی دوانزەهەمین هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەتیی ئێرانیش لە لێدوانەکەی دا لە زانکۆی ئەمیر کەبیری تاران وتی: قاچاخ ڕێ لە پێکهاتنی هەلی ئیش و کار لە ئێران دا دەگرێت و ئەگەر ئەمڕۆ ئەو کارگەو کارخانەگەلەی کە لە هەڵدێری هەڵشکان نزیک بوونەتەوە نەپارێزین، کۆمەڵێکی تر بێ کار دەبن. ناوبراو وتیشی: سەرۆک کۆمار دەبێ بە دەستەڵات و لێبڕاوییەکی سەرچاوە گرتوو لە هێزو دەستەڵاتی ناوخۆیی بەشداریی تەواوی کۆڕوکۆمەڵە نێونەتەوەییەکان بکات.

ئیبراهیم ڕەییسی سادات پاڵێوراوەکەی دیکەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەتیی ئێرانیش ڕۆژی شەممە لە قوم هەڵکەوتوو لە باشووری تاران، ئاسایشتی ئەمڕۆی وڵاتی بە بەرهەم و بەرەکەتی  ئامادە بوونی کارای خەڵک لە گۆڕەپانەکاندا زانی و ئاوڕدانەوە لە سەرچاوەو سامانی وڵات، متمانە نەکردن بە بیانییەکان و خەباتی لێبڕاوانەی دژی هەژاری و بێ کاری و گەندەڵیی وەک ڕێگاگەلێک لێک دایەوە بۆ چارەسەر کردنی گرفتەکانی ئێستای وڵات.

هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمارەتیی ئێران نۆزدەی مانگی مای 2017 بەڕێوە دەچێت.

 

سەرپەیڤ