هەوڵی دیپلۆماتیکی ئێران بۆ پێ وشوێن گرتنی ڕەوشی موسوڵمانانی میانمار
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەوڵی دیپلۆماتیکی کوماری ئیسلامیی ئێران بۆ پێ و شوێن گرتنی ڕەوشی موسوڵمانانی میانماری شی کردەوە .
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژی هەینی هەواڵدەریی ڕادیۆتەلەفزیون، بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی : تاران تائێستا تێکۆشان و وتووێژی دیپلۆماتیکی بەربڵاوی بەمەبەستی پێ وشوێن گرتنی ڕەوشی موسوڵمانانی میانمار ئەنجام داوە و محەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران پێوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ ژومارێک لە هاوتاکانی خۆی لە وڵاتانی جۆربەجۆر دامەزراندووە .
قاسمی وتیشی : لە چوارچێوەی هەوڵی دیپلۆماتیکی ئێران فەرمانێکیش بۆ نوێنەرایەتی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوەکان لە نیویۆرک نێردراوە هەتا ئەوان لە ڕێگەی دیدار و وتووێژ لەگەڵ کاربەدەستانی نەتەوەیەکگرتووەکان و باڵوێزانی وڵاتانی ئیسلامی لەم دامەزراوە نێونەتەوەییە، ڕەوشی موسوڵمانان لە میانمار پێ و شوێن بگرن.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەروەها بە ڕاگەیاندنی ئەمەی باڵوێزخانەی تاران لە تایلەند وەک باڵوێزخانەی ئاکردیتە لە میانمار دەجووڵێتەوە وتیشی : باڵوێزخانەی ئێران لە تایلەند پێوەندی لەگەڵ دەوڵەتی میانمار کردووە تائەم بوارە خۆش بکرێت کە یارمەتییەکانی ئێران لە ڕێگەی حەشیمەتی مانگی سوور بۆ خەڵکی ئەم ناوچەیە بنێردرێت بەڵام سەرباری پێوەندیگەلێک کە لەگەڵ دەوڵەتی میانمار کراوە بە داخەوە هەتا ئێستا دەوڵەتی ئەم وڵاتە مۆڵەتی ناردنی یارمەتی مرۆڤدۆستانەی ئێرانی دەر نەکردووە .
قاسمی پێداگری کرد : هەوڵی دیپلۆماتیکی تاران درێژەی دەبێت هەتا حەشیمەتی مانگی سووری ئێران بتوانێ یارمەتییەکانی ئێران بگەیەنێتە دەستی خەڵکی ستەملێکراوی ناوچە و ئەگەر وەها مۆڵەتێک بدرێت شاندێک لە نوێنەرایەتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هاوڕێ لەگەڵ ئەم یارمەتیانەسەردانی میانمار دەکەن .
وتەبێژی دەزگەی دیپلۆماسیی ئێران پێداگری کرد : هەوڵەکانی دیپلۆماتیکی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئاستی جۆربەجۆر بەمەبەستی پێ و شوێن گرتنی ڕەوشی موسوڵمانانی میانمار بە وردبینییەوە درێژەی دەبێت .
لە ڕۆژی هەینی بیست و پێنجەمی ئووت هەتا ئێستا شەپۆلی نوێی سەرکوتکردن و دەستدرێژکاری سوپای میانمار بە دژی موسوڵمانانی روهینگیا لە پارێزگەی راخین لە ڕۆژاوای ئەم وڵاتە، شەش هەزار و 334 موسوڵمانی روهینگیایی کوژران و هەشت هەزارو 349 کەسی دیکەش بریندار بوونە .