ته‌مووز 17, 2018 08:37 Asia/Tehran
  • عەراقچی: هیندستان لێبڕاوانە هەوڵ دەدا بۆ پاراستنی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران

وەزیریاری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ بەشی سیاسی شەوی ڕابردوو لە نیودێلهی وتی: هیندستان لێبڕاوانە هەوڵ دەدات بۆ پاراستنی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی ١+٥.

"سەید عەباس عەراقچی" کە سەردانی هیندستانی کردووە لە وتووێژ لەگەڵ ئیرنادا رایگەیاند کە ئامانجی لەو سەفەرە بەشداری لە پازدەهەمین خولی دانوستانی سیاسیی نێوان ئێران و هیندستانە و وتێشی: لەم کۆبونوەوەیەدا دوایین ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی هاوپێوەند بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی و چۆنیەتی بەردەوام بوونی هاوکاریی دوو وڵات پاش چوونەدەری ئەمریکا لەو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییە خرایە بەر باس و لێکدانەوە.

جێگری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ بەشی سیاسی بە ئاماژە بەوەی کە هیندستان یەکێک لە گەورەترین کڕیارانی نەوتی ئێرانە وتیشی؛ دەوڵەتی هیندستان هۆگرییەکی زۆری هەیە بەوەی کە درێژە بدات بە کڕینی نەوت لە ئێرانەوە.

عەراقچی جەختی کرد؛ لەبەر بایکۆتەکانی ئەمریکا کێشە و تەگەرە لە سەر ڕێگای بازرگانیی نەوتی ئێران و هیندستان هاتۆتە ئاراوە کە لە دیدارەکانی ڕۆژی دووشەممەدا بە چڕ و پڕی سەبارەت بە ڕێگاچارەکانی ئەم کێشە و گرفتانە لەوان فرۆشی نەوت، گواستنەوەی نەوت، مەسەلەی گەمییە نەوتهەڵگرەکان، بیمەی باری نەوتی و هەروەها سەبارەت بە گەڕانەوەی داهاتیی نەوتیی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران باس و وتووێژ کرا.

عەراقچی پێوەندییەکانی ئێران و هیندستانی بە مێژوویی هێنایە ئەژمار و جەختی کرد دوو وڵات هەوڵ دەدەن پێوەندییەکانیان بە باشترین شێوە درێژە پێ بدەن.

جێگری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ بەشی سیاسی سەر لە بەیانی دووشەممە لە سەفەرێکی یەک ڕۆژەدا گەیشتە نیودێلهیی .

دەوڵەتی ئەمریکا هەشتەمی مانگی مەی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک (ئەمریکا، فەرەنسا، بەریتانیا، ڕووسیا، چین و ئەڵمان) هاتە دەرەوە و دوابەدوای ئەوەش ڕایگەیاند تا چوارەمی نۆڤەمبەری ٢٠١٨ هەناردەی نەوتی ئێران دەگەیەنێتە ئاستی سفر.

هەر لەم ئاراستەیەدا واشینگتۆن داوای لە وڵاتانی جیهان کردووە وەکوو بەشێک لە بایکۆتە ئابوورییەکانی دژ بە تاران، ئاستی هاوردەی نەوتیان لە ئێرانەوە تا سفر دابەزێنن.

بەڵام زۆرێک لە وڵاتانی جیهان ڕایانگەیاندووە کە ئەو داخوازەی ئەمریکا بەجێ ناهێنن.

چوونەدەری ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران بەرەوڕووی نەیارەتی و ڕەخنەی بەربڵاوی ناخۆیی و نێودەوڵەتی بۆتەوە.

سەرپەیڤ