فەرماندەری هێزی دەریایی ئەرتەشی ئێران: بیانییەکان ناتوانن ئاسایشی ئەقیانوسی هیند دابین بکەن
فەرماندەری هێزی دەریایی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەپێداگری لەسەر ئەوەی کە ئاسایشی ناوچەی ئەقیانوسی هیند دەبێ لەلایەن وڵاتانی ناوچەوە دابین بکرێ، وتی: وڵاتانی بیانی ناتوانن ئاسایشی ئەقیانوسی هیند دابین بکەن.
بەپێی ڕاپۆری ئاژانسی هەواڵیی رادیۆ و تەلەفزیۆنی ئێران، دەریاڤان "حوسێن خانزادی" فەرماندەری هێزی دەریایی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران رۆژی سێ شەممە لە دەیەمین ساڵوەگەڕی پێکهێنانی کۆبوونەوەکانی فەرماندەرانی هێزە دەریاییەکانی ئەقیانوسی هیند(ئایۆنز-IONS) وێڕای ڕێزگرتن لە هێزی دەریایی هیند بۆ بەڕێوەبردنی ئەو کۆبوونەوانە، لەبارەی ئاسایشی دەریایی وتی: چەسپاندن و دابین کردنی ئاسایشی دەریایی گرێدراوی سەنگی ژیئۆپۆلیتیکی وڵاتان، توانا، لێهاتوویی و ئاستی هاوبەشیی گشتییە.
سەرۆکی کۆبوونەوەکانی فەرماندەرانی هێزە دەریاییەکانی ئەقیانوسی هیند بەئاماژە بەوەی کە هێزی دەریایی وەک بەشی جیانەکراوەی دەسەڵاتی دەریایی، هێمای باڵادەستیی هەر نەتەوەیەکە، وتی: ئاسایشی ناوچە دەریاییەکان لەچوارچێوەی سەروەریی و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان، کارکردی چەرخەکانی بەهێزکردن دەستەبەر دەکا کە بوارخۆشکەرە بۆ هاوکاریی لەگەڵ وڵاتانی دۆست و سودوەرگرتن لە بەرژەوەندییە ئابورییە ئاوییەکان.
فەرماندەری هێزی دەریایی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەروەها وتی: ئێستا تیجارەتی جیهانی کاڵا لەڕێی دەریاوە، بەشێوەیەکی بەرچاو هاوپێوەندە بە ئەقیانوسی هیند و چارەنووس سازبوونی ئەو ئەقیانوسە لەلایەن وڵاتانی ناوچەو جیهان، گرینگی پێ دەدرێ.
فەرماندەری هێزی دەریایی ئەرتەشی ئێران بۆ بەشداریی لە دەیەمین ساڵوەگەڕی کۆبوونەوەکانی وڵاتانی دەڤەری ئەقیانوسی هیند لەسەرووی شاندێکی پلەبەرزی سەربازی سەردانی"دێهلی نوێ"ی پایتەختی هیندستانی کردووە.
هێزی دەریایی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکانی وڵاتانی دەڤەری ئەقیانوسی هیندی لە ساڵی ٢٠١٦ـەوە بۆ خولێکی دوو ساڵان لەئەستۆیە.