کاردانەوەی وەزیری دەرەوەی ئێران بە لێدوانەکانی پۆمپێئۆ دژ بەتاران
وەزیری دەرەوەی ئێران کاردانەوەی پێشاندا بە ئیدیعای وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەمەڕ پێشێلکرانی بڕیارنامەی٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکان لەلایەن ئێرانەوە.
بەپێی ڕاپۆری دوێشەو(یەکشەممە)ی هەواڵدەریی ئیرنا، "محەممەد جەواد زەریف" وتی: ئەمریکا ئێران بە بەزاندنی بڕیارنامەی٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکان تۆمەتبار دەکا ئەوە لەکاتێکدایە کە خۆی ئەو بڕیارنامەیە پێشێل دەکاو هاوکاتیش هەڕەشەی سزادان دەکا لە وڵاتانی دیکە ، گەر پێبەندی بڕیارنامەکە بن.
وەزیری دەرەوەی ئێران بەئاماژە بەوەی کە ئەمریکا هەڵوێستێکی دووفاقیی هەیە لەهەمبەر بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشدا، وتی: ئێستا خەیاڵکردن بووە بە شێوازێکی ئاسایی لە کاروباری دەرەوەی ئەمریکادا.
"مایک پۆمپێئۆ" وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئیدیعای کرد، تاقیکارییە مووشەکییەکانی ئێران پێشێلکەری بڕیارنامەی٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکانە.
پاش ئەو بانگەشەی مایک پۆمپێئۆ، "بەهرام قاسمی" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی: هیچ بڕیارنامەیەک لە ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکان، بەرنامەی مووشەکی و یان تاقیکارییە مووشەکییەکانی ئێرانی قەدەغە نەکردووە.
قاسمی پێی داگرت؛ بەرنامەی مووشەکیی ئێران ، بۆ بەرگریی کردنەو بەپێی پێداویستییەکانی وڵات، دیزاین دەکرێ.