زەریف : پەیوەندیی سیاسیی تاران و باکوو لەئاستێکی باڵادایە
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: پەیوەندیی سیاسی نێوان ئێران و کۆماری ئازەربایجان لە باڵاترین ئاست دایە.
بەپێی ڕاپۆری ئیدارەی گشتیی دیپلۆماسیی میدیایی وەزارەتی دەرەوە، "محەممەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی ئێران سەرلەئێوارەی رۆژی سێ شەممە لەدیدار لەگەڵ "ئۆکتای ئەسەدۆڤ" سەرۆکی پەرلەمانی کۆماری ئازەربایجان لەتاران، بەئاماژە بەوەی کە پەیوەندییە سیاسییەکانی دوو وڵات لەبەر ئیرادەی ڕێبەرەکانیان، لەباڵاترین ئاستدایە، وتی: سەرباری چوونەسەری سەتا چلی ئاستی پەیوەندییە ئابوریی و بازرگانییەکانی دوو وڵات لەمساڵدا لەبەراوەرد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو، ئەو پەیوەندییانە مەودایان هەیە لەگەڵ ئاستی پەیوەندییە سیاسییەکان.
وەزیری دەرەوەی ئێران هیوای خواست؛ بە جێ بەجێ کرانی پرۆژە هاوبەشەکان و کەڵک وەرگرتن لە تواناو پتانسێلی کۆریدۆرە ترانزیتییەکانی نێوان ئێران و کۆماری ئازەربایجان، پەیوەندیی نێوان دوو وڵات لەبواری ئابووری و بازرگانیدا پەرە بسێنێ.
سەرۆکی پەرلەمانی کۆماری ئازەربایجانیش پەیوەندیی نێوان تاران-باکووی لەبەر خاڵە هاوبەشە مێژوویی و جوگرافی و فەرهەنگییەکان زۆر باش و بەگرینگ وەسف کردو بەئاماژە بە گرینگیی کۆریدۆری باشور-باکور کە بەرژەوەندیی یەکسان و فراوانی بۆ دوو وڵات دەبێ، جەختی کرد لەسەر جێ بەجێ کران و یەکلاکرانەوەی بەتەواوەتی ئەو توانا کۆریدۆرییە.
سەرۆکی پەرلەمانی کۆماری ئازەربایجان هەروەها لەگەڵ "حەسەن ڕۆحانی" سەرۆک کۆمار، "عەلی لاریجانی" سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی و "عەلی شەمخانی" سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێرانیش دیدار و وتووێژی کرد.